وەزیری پەروەردە: 158 هەزار قوتابی پۆلی یەکەم بۆ وەرزی نوێی خوێندن تۆمارکراون

"تا کۆتایی شوباتی 2024، 22 قوتابخانەی نوێی حکومی دەکرێنەوە"
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ وەرزی نوێی خوێندنی 2023-2024 زۆرترین رێژەی قوتابیان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمارکراون کە ژمارەیان دەگاتە 158 هەزار قوتابی. دەشڵێت، تا کۆتایی شوباتی 2024، 22 قوتابخانەی نوێی حکومی دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024، لە قوتابخانەی دواناوەندیی تێکەڵاوی گوندی کۆری، لە شاری هەولێر، لە گوتارێکدا ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پەروەردەی بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان خستنەڕوو.

وەزیری پەروەردە سوپاسی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوانی کرد کە ئەرکی دروستکردنی قوتابخانەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و رایگەیاند، "گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان بەردەوام هاوکاری کەرتی پەروەردەبوون لە هەرێمی کوردستان؛ پێنج مانگ لەمەوبەر قوتابخانەیەکی دیکەیان لە پارێزگای سلێمانی پێشکەشی وەزارەتی پەروەردە کرد و، تا ئێستا شەش قوتابخانەیان کردووەتە دیاری بۆ وەزارەتی پەروەردە."

ئالان حەمە سەعید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و نەناردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و، گوتی: "ئەمساڵ کە زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێ دەدەین، لە کاتێکدایە بەداخەوە، مافەکانمان (لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە) پێشێلکراوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرگریکار، پاڵپشتیکاری مامۆستایانە و هەموو فەرمانبەران بە شێوەیەکی گشتی. پشت بە خوای گەورە ئەم دۆخە سەختەش تێدەپەڕێت، رۆژانی خۆشتر دێنە پێشەوە و بڕوامان بە بەدیهێنانی مافە دەستوورییەکانمان هەیە".  

بۆ وەرزی نوێی خوێندنی 2023-2024، وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە ئاماژەی پێ دا، "زۆرترین رێژەی قوتابیان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمارکراون کە ژمارەیان دەگاتە 158 هەزار قوتابی و کۆی گشتیی ژمارەی قوتابیانمان ملیۆنێک و 923 هەزار قوتابییە؛ بە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتییەوە".

لەبارەی ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید گوتی: "لەماوەی دوو مانگی رابردوودا هەشت قوتابخانەی نوێ کراونەتەوە و، تاوەکو کۆتایی شوباتی ساڵی 2024، 22 قوتابخانەی دیکەی نوێی حکومی دەکرێنەوە و دەخرێنە خزمەتی قوتابیان".

هەر لەم هاوینی ئەمساڵدا وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە باسی کرد، "107 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان نۆژەنکراونەتەوە و لەهەمان کاتیشدا 127 ژووری نوێی خوێندن لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی وەک پشتگیریکردن و پاڵپشتیکردنی کەرتی پەروەردە، پێشکەشی وەزارەتی پەروەردە کراون".

لەبارەی دابینکردنی پێدوایستی و کەلوپەلەکانی نێو ناوەندەکانی خوێندن، ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوە کرد، "هەر لەم هاوینی ئەمساڵدا 20 هەزار کورسی (رەحلە) بۆ ناوەندەکانی خوێندن دابین کراون. هەروەها 20 ملیۆن کتێبی نوێ چاپکراون و پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن گەیشتووەتە قوتابخانەکان و، پڕۆسەکە بەردەوامە بۆ دابینکردنی پێداویستی و کەلوپەلەکانی دیکە".