بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون دەیان کەس گیانیان لەدەستدا

رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە
رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە

K24 - هەولێر

شەوی رابردوو، لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری هانۆی ڤێتنام رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە روویدا، بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا.

ئاژانسی "ڤیت تایمز"ـی فەرمی حکومەت، بڵاویکردەوە، زیاتر لە 100 کەس بە هاوکاری فریاگوزارییەکان توانیویانە رزگاربکرێن، هەروەها 54 کەسیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان، لەنێویاندا دەیان کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە". گوتیشی: "سێ منداڵ لە نێو مردووەکاندان".

لە ڤیدیۆکاندا کە لەلایەن میدیا ڤێتنامییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە کە ئاگر بەشێکی زۆری باڵەخانەیەکی 10 نهۆمی سووتاندووە، کە دەکەوێتە کوچەیەکی تەسک لە گەڕەکێکی نیشتەجێبوون لە شاری هانۆی پایتەختی ڤێتنام.

هوا کە لە گەڕەکەکەدا دەژی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند "ناتوانین زۆر یارمەتیان بدەین، هیچ فریاگوزارییەک نییە، مەحاڵە قوربانییەکان بتوانن هەڵبێن".

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام هێشتا فریاگوزاران لە هەوڵی گەیشتن دان بە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەکە، کە نزیکەی 150 کەسی تێدا نیشتەجێیە و تەنها یەک دەروازەی هەیە. هەروەها هیچ پلیکانەی فریاگوزاریشی تێدا نییە.

هۆنگ، شایەتحاڵی چاودێر رایگەیاندووە، کوڕێکی گەنجی بینیوە کە لە نهۆمێکی بەرزەوە خۆی فڕێداوە، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ خۆ رزگارکردن لە ئاگرەکە.

لە نەخۆشخانەی باخ مای لە شاری هانۆی، ڕزگاربوویەک بە هەمان سەرچاوەی گوت: خێزانەکەی لە شوقەکەیان لە نهۆمی حەوتەمی پشتەوەی بیناکە بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر چاوەڕێیان کردووە تاوەکو یارمەتی بدرێن.

لەم ساڵانەی دواییدا کۆمەڵێک ئاگرکەوتنەوەی سەخت لە ڤێتنام روویداوە، ئەمەش گومانیان لەسەر جێبەجێنەکردنی رێساکانی سەلامەتی لەو وڵاتەدا دروستکردووە.