زانایان هۆکارێکی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک ئاشکرا دەکەن

K24 - هەولێر

زانایان ئاشکرایان کردووە، کە بۆچی ژنانی دووگیانی بەتەمەن زیاتر تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن، دەشڵێن، بەهۆی دووگیانی و گۆڕانی خانەکانی مەمکەوە لەو تەمەندا تووشی نەخۆشیەکە دەبن.

توێژینەوەیەک کە لەلایەن "ئیمپریال کۆلێج لەندەن" بڵاوکراوەتەوە و ئاماژەی کردووە، ئەو گۆڕانکارییە خانەییانەی کە شیرپێدان چالاک دەکەن، رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی وەرەمی شێرپەنجەیی لە ئافرەتانی دووگیان بەساڵاچوودا.

لای خۆیەوە توێژەر، جەستن ستیبینگ، مامۆستای زانستە بایۆپزیشکییەکان لە زانکۆی ئەنگلیا روسکین، رایگەیاندووە، دووگیانی رەنگە پێکهاتەی بۆماوەیی شانەکانی مەمک بگۆڕێت، وەک چرچ و لۆچی کە لەگەڵ تەمەندا لەسەر پێست دەردەکەون، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە DNA ی خانەکانی مەمکدا، روونیشیکردەوە کە دووگیانی دەبێتە هۆی ئەم گۆڕانکاریانە.

بەگوێرەی توێژەران ئەو ژنانەی تەمەنیان لەنێوان 35 بۆ 55 ساڵدایە، ژمارەی خانە گۆڕاوەکانیان زیاترە.