قادیرۆڤ ئامۆژگارییەکی سەربازانی ئۆکرانیا دەکات

K24 - هەولێر

بەگشتی هەندێک ئامۆژگاریی لە کاتی شەڕدا دەدرێنە سەربازەکان سەبارەت بە هاندانی ئازایەتی یان بوێری لە شەڕدا، بەڵام سەرۆکی چیچان، رەمەزان قادیرۆڤ، رێگایەکی دیکەی هەڵبژاردووە بۆ ئامۆژگاریکردنی سەربازانی ئۆکرانیا.

رەمەزان قادیرۆڤ، دەڵێت: "خۆرادەستکردن تاکە بڕیاری دروستە"، ئەمە ئەو ئامۆژگارییەیە کە سەرۆکی چیچان بە سەربازانی ئۆکرانیا داوە.

رەمەزان قادیرۆڤ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلێگرام، دەلێت: "خۆرادەستکردن بە گەرەنتی ئەمنی" بە "تاکە بڕیاری دروست بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا لە شاری کرێمێنا" دەزانم، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان "زەرەرێکی زۆریان پێدەگات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هێزە تایبەتەکانی ئەحمەدی رووسیا لە ئێستادا وردە وردە دارستانەکانی سێرێبریانۆیە بە ئاراستەی شاری کرێمنایا لە سەربازانی ئۆکرانیا پاکدەکەنەوە".

جەختیشی لەوە کردەوە کە "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هێشتا یارمەتیدەرێکی سەرەکییە بۆ لەناوبردنی ئۆکرانییەکان لە پەناگە سەختەکاندا".

قادیرۆڤ بە کوڕی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا ناو دەبرێت، کە هەرگیز هیچ بانگهێشتنامەیەک دواناخات کە پوتن بۆی دەنێرێت، کە لە هەرشوێنێک شەڕ بکات.

لە سەرەتای شەڕەکەدا، رەمەزان قادیرۆڤ، هەڕەشەی لە سەرۆکی ئۆکرانیا زێلێنسکی دەکرد، بەوەی بەم زووانە دەبێتە سەرۆکی ئۆکرانیا.

کادیرۆڤ لەگەڵ سەربازەکانی بەشداری ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ئۆکرانیا دەکات بۆ پشتڕاستکردنەوەی دڵسۆزی تەواوی خۆی بۆ پوتن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی.