رەوتی حیکمە: پاڵپشتی چارەسەرکردنی هەموو پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین

K24 – هەولێر:
لە درێژەی کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراقی کۆبوونەوە و رەوتی حیکمە پاڵپشتی خۆی بۆ چارەسەرکردنی هەموو پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە رێگەی گفتوگۆوە راگەیاند.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراقی کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چارەسەرکردنی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەممار حەکیم رایگەیاند، "بەڕێزیان پەرۆشی و پاڵپشتی خۆی بۆ چارەسەرکردنی هەموو پرسەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەربڕی".
لە درێژەی کۆبوونەوەکانمان لە بەغدا، لەگەڵ سەماحەتی سەید @Ammar_Alhakeem کۆبووینەوە و باسمان لە چارەسەرکردنی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرد. بەڕێزیان پەرۆشی و پاڵپشتی خۆی بۆ چارەسەرکردنی هەموو پرسەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەربڕی.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) September 14, 2023
هەروەها لە راگەیەندراوێکدا، نووسینگەی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، جەختیان لە دادپەروەری لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و پاڵشتی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و پاراستنی یەکڕیزی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان کردووتەوە.