دیمەنێک هەمووانی دڵخۆشکرد

Kurd24

هەندێک جار هەڵوێستێک و دیمەنێک و وێنەیەک بەسە بۆ ئەوەی دڵی هەموو خەڵکی کوردستان خۆشبکات و دەروونی هەمووان ئاسودە بکات.

سەردانی بەڕێزان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و شاندی یاوەریان بۆ بەغدا  و پێشوازیکردنییان لە لایەن سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە، کەشێکی ئەرێنی و گەشبینییەکی خۆڕسکی دروستکرد لای خەڵکی کوردستان.

گەشبینییەک کە تا رادەیەکی زۆر میدیا و سۆشیالمیدیای کوردی و میدیای لایەنە سیاسییەکانیشی یەکخست.

ئاساییە پارتە سیاسییەکان لە رووی حزبی و ئایدۆلۆژییەوە جیاوازبن، بەڵام کاتێک مافەکانی خەڵکی کوردستان، هەمووان کۆدەکاتەوە بەیەکەوە، ئەوکاتە خەڵکی کوردستان هەست بە هێز و یەکگرتویی خۆی دەکات و بە شکۆ و شانازییەوە دەنگ هەڵدەبڕێت.

دەکرێت ئەم هاوهەڵوێستییە بپارێزرێت و بکرێت بە ئاراستەیەکی گشتی نیشتیمانی و کوردستانی، لە هەمان کاتدا ململانییە سیاسییەکان و کێبڕکییە حزبی و ئایدۆلۆژییەکانیش لە چوارچێوەی را و رای جیاوازدا بمێنێتەوە لە بازنەی پرۆسەی سیاسی ناوخۆییدا لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەم جۆرە لە مامەڵەکردنی سیاسی گەر بچەسپێت لای سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و وەک بنەما و بەهای باڵای گشتی تەماشای بکەن، جۆرێکە لە پێگەیشتویی دیموکراسی و هێڵێکە بۆ جیاکردنەوەی پرسە نیشتیمانییەکان لە بابەتە سیاسی و حزبییەکان و بەهێزتربوونی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک؛ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە و مەودایەکیشە بۆ پشوودانی خەڵکی کوردستان کە لە ماوەی رابردوودا لە نێوان دوو بەرداشدا بێچارە مابونەوە.

کاردانەوەکانی خەڵکی کوردستان بۆ ئەو یەکڕیزییە، جیا لەوەی ئومێدبەخش بوو، لە هەمان کاتدا پەیامێکیشبوو بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان کە خواستی شەقام خواستێکی رەوایە و ئەو یەک ئاراستەییەی دەوێت لە هەمووان، لەگەڵ ئەوەشدا ئارامییەکی دەروونی و دڵخۆشییەکی دەستەجەمعی بەخشی بە خەڵکی کوردستان، ئەو ئارامییە گەر رێژەییشبێت خەڵکی لەو ترس و دڵەڕاوکێیانە هێنایە دەرەوە کە وەک مەترسیی دەبینران لە بەردەم قەوارەی هەرێمی کوردستاندا.

دەکرێت ئەم دۆخەی تێیداین بیکەین بە وانەیەکی گرنگ بۆ داهاتوومان و بەم یەکڕیزی و یەکهەڵوێستییە کێشەکان تێیبپەڕێنین و هەرێمی کوردستان بپارێزین و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک هەمیشە حکومەتی هەموو خەڵکی کوردستانبێت، و خەڵکیش ئاشتبکەینەوە تا بە سەنگینی و شانازییەوە ژیانێکی شایستە و ئارام و ئاسودە بەڕێبکەن.

خواستی خەڵکی کوردستان بۆ یەکڕیزی لایەنەکان، ئەو تێگەیشتنەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانی سەلماند کە دەڵێت: پێکەوە دەستکەوتمان دەبێت و بە تەنها کەسمان هیچمان دەستناکەوێت، ئەم ووتەیەش رەنگدانەوەیەکی روونی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵامدەرەوەی خواستی خەڵکی کوردستانیشە.

سەرکەوتن پێناسە و شێوە و فۆڕمی زۆرە، بەڵام باڵاتریینییان یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی و یەک گوتارییمانە.