مەسرور بارزانی: لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختمان لە گرنگی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان کرد

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، جەختمان لە گرنگی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان کرد.

نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24 لە بەغدا؛ رایگەیاند، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ قەیس خەز عەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەی عەسایب ئەهل حەق، لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامە کوردەکانی هەردوو لێژنەی دارایی و نەوت و گاز کۆبووەوە.

هاوکات مەسرور بارزانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانەکەمان بۆ بەغدا، لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووینەوە و جەختمان لە گرنگیی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان کرد لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.

لەلایەکی دیکەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکوەزیران و تیمی حکوومەت لەکۆبوونەوەدان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەپەرلەمانی عێراق، سەرۆک وەزیران بارزانی روونکردنەوە و بەرچاوڕونییان پێدەدات لەسەر دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ لە بەغدا".

ئەمڕۆ پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 17ـی ئه‌یلوولی 2023، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ئه‌نجام ده‌درێت و زۆربه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق گفتوگۆیان له‌سه‌ر كردووه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاری كۆتاییان له‌ باره‌یه‌وه‌ بدرێت.

هاوکات سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی گه‌شبینی خۆشی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ ده‌ربڕی. جه‌ختیشیكرده‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدایان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌ سه‌رجه‌م مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێی ده‌ستوور بكه‌ن و هه‌موو شایسته‌ و مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.

نێردراوی کوردستان24 لە بەغدا، ئەوەشی راگەیاند، ئەم کەسایەتییانەی کە ئەمڕۆ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا کۆبوونەوە هەموویان پێگەی کاریگەریان هەیە، هەم لە دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، هەم لەناو پەرلەمانی عێراق.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 14ـی ئه‌یلوولی 2023) شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه‌ پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، گه‌یشته‌ به‌غدا و لە کاتژمێر 11ـەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ده‌ستپێكرد.

دوای گه‌یشتنی شانده‌كه‌، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".