ئه‌مه‌ریكا هۆشداری ده‌داته‌ كۆریای باكوور

K24 – هەولێر:

سابرینا سینگ جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا رایگەیاند، هەرلایەنێک چەک بە رووسیا بفرۆشێت، دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی جەنگی بێ پاساوی رووسیا لە ئۆکرانیا و کوژرانی خەڵکی سڤیلی زیاتر.

راشیگەیاند، هانی کۆریای باکوور دەدەن، گرێبەستی چەک لەگەڵ رووسیا ئەنجام نەدات.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا هه‌روه‌ها گوتی: "شتێکی شاراوەنییە کە رووسیا پەرۆشی بەدەستهێنانی چەکی زیاترە، بەتایبەتی فیشەک و تۆپهاوێژ، هەرچەندە هیچ کام لە کۆریای باکوور و رووسیا هیچ راگەیەندراوێکی فەرمیان سەبارەت بەگرێبەستی چەک بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئێمە بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکەین، پێموایە هەر وڵاتێک پشتیوانی شەڕی بێ پاساوی رووسیا بکات تەنها جەنگەکە درێژدەکاتەوە و دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکی سیڤیلی زیاتر.

گوتیشی: "هانی کۆریای باکوور دەدەین رێککەوتنی چەک لەگەڵ رووسیا ئەنجامنەدات".

کیم جۆنگ ئون سه‌رۆكی كۆریای باكوور بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا بە شەمەندەفەرەکەی چووە رووسیا و لەوێ سەردانی بەشێک لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەکی كرد کە سەر بە وەزارەتی بەرگری رووسیایه‌.

دوایین سەردانی کیم جۆنگ ئون بۆ لای پوتن، چوار ساڵ لەمەوبەر بوو، کۆبوونەوەی جاری رابردوویان تەنیا بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بابەتی دیبلۆماسی بوو، بەڵام ئەمجارە کۆبوونەوەکە ئامانجی دیکەی سه‌ربازی هه‌بوو.

کۆریای باکوور لەدوای 1953ـەوە بەشداری هیچ جەنگێکی نەکردووە، بەڵام یەکێکە لە پڕچەکترین وڵاتانی جیهان و بە نەیارێکی سەرەکی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دادەنرێت.

بە گوێرەی هەواڵێكی نیویۆرک تایمس، رووسیا چاوی لە چەک و تەقەمەنییەکانی کۆریای باکوورە و لەبەرانبەریشدا، کۆریای باکوور دەیەوێت سوود لەو تەکنەلۆژیایانە وەربگرێت کە رووسیا لە ژێردەریاییە سەربازییەکاندا و لە مانگە دەستکردەکاندا بەکاریاندەهێنێت.