وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: پێشوازی لە گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - واشنتن:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایدەگەیێنێت، پێشوازی لە بەردەوامیی گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکەن.

سەبارەت بە سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشوازی لە گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان بەرپرسانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند دەکەن.

لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت؛ داوا لە بەرپرسانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین کێشەکانی پەیوەست بە بودجە وەک ئەوەی دەستوور داوای دەکات چارەسەر بکەن بەشێوەیەک سوود بە هەموو هاووڵاتیانی عێراق بگەیێنێت.

دوێنێ پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کورستان کە پێکهاتبوو لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی بەغدایان کرد و 14 کۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامدا.

لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".