وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا داوای باشترکردنی کەرتی دارایی لە عێراق دەکات

K24 - هەولێر:

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، لەگەڵ عێراق رێککەوتووین کار بۆ باشترکردنی کەرتی دارایی بکەین لەپێناو رێگرکردن لە ساختەکاری و خۆدزینەوە لە سزاکان و پارەدارکردنی تیرۆر و چالاکییە نایاساییەکانی دیکە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە راگەێندراوێکدا دەڵێت، لە 12 و 13ی ئەم مانگە ئێلیزابێس رۆزنبێرگ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ دارایی تیرۆریستان و تاوانە داراییەکان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، بانکی ناوەندی بازرگانی و نوێنەرانی بانکەکانی کەرتی تایبەتی عێراق کۆبووەتەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا لەسەر ئەوە کۆکن دەرفەت و ئاستەنگ هەن بۆ باشکردنی کەرتی دارایی لە عێراق، هەروەها رێککەوتوون لەسەر کارکردنی پێکەوەیی و هەنگاوبنێن پێکەوە بەرەو چاکسازییەکی واتادار و بەردەوام،  بۆ ئەوەی عێراق بگەینێتە ئاستی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان و رێگری بکات لە ساختەکاری و خۆدزینەوە لە سزاکان و پارەدارکردنی تیرۆر و چالاکییە نایاساییەکانی دیکە.

رۆژی سێشەممە (12ـی ئەیلوولی 2023)، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو)، گەیشتنی ئێلیزابێس رۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکای بۆ بەغدا راگەیاند.

ئەلینا رۆمانۆوسکی ئاماژەی بەوەکردووە، ئێلیزابێس رۆزنبێرگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق کۆدەبێتەوە.

لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە بۆ عێراق، ئەلینا رۆمانۆوسکی رایەگەیاندووە، سەردانی ئێلیزابێس رۆزنبێرگ، هاوکاردەبێت لە پێشکەوتنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و چاکسازی بانکی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پشتگیریکردن لە وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

رۆژی هه‌ینی (3ـی شوباتی 2023)، عه‌لی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق و براین نیلسۆن، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری تیرۆر و هه‌واڵگری داراییكۆبوونه‌وه‌ و تاوتوێی دۆخی ئابووری و به‌رزو نزمی به‌های دراویان كرد و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگی سه‌قامگیری ئابووری عێراق كرده‌وه‌. به‌گوێره‌ی رایگه‌یه‌ندراوی بانكی ناوه‌ندی عێراق، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پشتیوانی خۆیی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووری لەعیراق دووپاتکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، کە ئامادەن نەرمی بنوێنن لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان، هەروەها رێککەوتوون لە هەماهەنگی هاوکارییەکانی نێوانیان بەردەوام بن.

دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، شاندێکی دیکەی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندیی عێراق لە هەمان مانگدا، سەردانی واشنتنیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لەبارەی پرسی دۆلارەوە کۆبوونەوە و گەیشتنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە چەند پرسێکی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی دراو و رێگریکردن لە چوونە دەرەوەی دۆلار لە عێراق.