محه‌ممه‌د شاكر: ته‌فسیری عێراقییه‌كان بۆ یاسای بوودجه و مادده‌كانی په‌یوه‌ست به هه‌رێمی كوردستان سیاسی بوو
K24 - هەولێر:
په‌رله‌مانتارێكی خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات ته‌فسیری عێراقییه‌كان بۆ یاسای بوودجه و مادده‌كانی په‌یوه‌ست به هه‌رێمی كوردستان، ته‌فسیری سیاسی بوون، ده‌شڵێت عێراق له‌به‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناتوانێت مافی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك كه‌مینه‌ی ناو عێراق پێشێل بكات.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 15ـی ئه‌یلوولی 2023) محه‌ممه‌د شاكر، په‌رله‌مانتاری پێشوی په‌رله‌مانی عێراق تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، له بنه‌ڕه‌تدا به‌رپرسانی عێراق ده‌ڵێن ئێمه له‌گه‌ڵ پێدانی مافی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانین، به‌ڵام له واقیعدا ته‌فسیره‌كه‌یان بۆ ئه‌و بابه‌ته گۆڕانی به‌سه‌ردا ده‌هات و شێوه‌یه‌كی دیكه بوو.
هه‌روه‌ها ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له عێراق ته‌فسرێكی به‌و شێوه‌یان بۆ خه‌رجییه راسته‌قینه‌كان ده‌كرد، كه فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ئه‌و ته‌فسیره‌یانه‌وه ناتوانن مووچه و شایسته‌كانی مانگانه‌یان وه‌ربگرن، به كاتێكدا هه‌ر خودی خۆیان دڵنیابوون له‌وه‌ی ته‌فسیره‌كه‌یان راست نییه.
محه‌ممه‌د شاكر باسی له‌وه‌ش كرد، وه‌زیری دارایی عێراق رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه له ته‌فسیكردنی ئه‌و بابه‌ته، به‌ڵام به‌ر له هه‌موو شتێك یاسای بوودجه هه‌یه و چاره‌سه‌ری هه‌موو بابه‌ته‌كانی له‌و شێوه‌یه‌ی كردووه. روونیشیكرده‌وه شاندی عێراقی له كاتی گفتوگۆ و دانوستانه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی ناواقیعی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ پرسی مووچه و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ته‌فسیره‌كان هه‌مووی سیاسی بوون و بۆ ئه‌وه بوو هه‌رێمی كوردستان نه‌توانێت سوود له ماف و شایسته‌كانی وه‌ربگرێت.
سه‌باره‌ت به پێشنیازی هه‌مواری مادده‌كانی 11، 12 و 13ـی یاسای بوودجه‌ی فیدڕاڵی، به پێویستی زانی به ده‌ق قه‌ره‌بووی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و خانه‌نشینی تۆمار بكرێت و وه‌ك ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به خه‌رجییه راسته‌قینه‌كانه‌وه نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌فسیری هه‌ڵه‌ی بۆ نه‌كرێت.
سه‌باره‌ت به چوونی شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌یه‌كگرتوویی گوتی، یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی كورد بۆ داواكردنی مافه‌كانی له عێراق كاریگه‌ری ئه‌رێنی ده‌بێت، به‌تایبه‌ت كه عێراق ناتوانێت مافی كورد وه‌كوو كه‌مینه‌ی ناو عێراق پێشێل بكات و هۆكاره‌كه‌شی له‌به‌ر رایگشتی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه.
رۆژی (پێنجشه‌ممه 14ـی ئه‌یلوولی 2023) شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه پێکهاتبوو لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، گه‌یشته به‌غدا و لە کاتژمێر 11ـەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ده‌ستپێكرد.
دوای گه‌یشتنی شانده‌كه، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 15ـی ئه‌یلوولی 2023) سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده سیاسییه‌كان رایگه‌یاند، سه‌ردانی ئه‌مڕۆیان بۆ داكۆكیكردن بوو له ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له به‌شێكی دیكه‌ی كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كۆمه‌ڵێك كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و سه‌ركرده سیاسییه‌كان كردووه و دوو پێشنیازیان خستووه‌ته‌ڕوو، كه یه‌كێكیان درێژخایه‌نه و ئه‌ویدیكه‌یان كورتخایه‌نه.
سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی هاوكات باسی له‌وه كرد، پێشنیازه درێژخایه‌نه‌كه په‌یوه‌سته به یاسای بوودجه و هه‌مواری به‌شێك له مادده و بڕگه‌كانی، كه ئه‌مه كاتی زۆرتری پێویسته و له داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. روونیشیكرده‌وه، سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ر یان پێشنیازه كورتخایه‌نه‌كه، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 17ـی ئه‌یلوولی 2023، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌درێت و هیواشی خواست ئه‌و هه‌وڵانه ببنه بڕیار و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به مافه‌كانیان بگه‌ن.
گوتیشی، هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان كه كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كردوون، هاوڕا بوونه بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كان و دابینكردنی ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی جه‌ختیشی كرده‌وه و گوتی "موژده‌ی خێرمان پێ ده‌بێت و چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه ده‌كه‌ن، گوتیشی، هیواخوازن كه ئه‌و ئاماده‌كارییانه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی لێ بكه‌وێته‌وه."