هیچ گرێبەستێکی کشتوکاڵی بۆ عەرەبی هاوردە نوێ ناکرێتەوە

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان چووە واری جێبەجێکردنەوە

K24 - هەولێر

بریاری ژمارە 29ی ساڵی 2012، کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی لیژنەی کاروباری باکوور لەسەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەمەش هیچ گرێبەستێک بۆ عەرەبی هاوردە نوێ ناکرێتەوە.

فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک داوا لە جووتیاران دەکات، سەردانی هۆبەی کشتوکاڵ بکەن تاوەکو خاوەندارێتی زەوییەکانیان بۆ بگەڕێتەوە. ئەگەر ئەم بڕیارەش وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت 900 هەزار دۆنم زەوی دەگەڕێتەوە بۆ جووتیاران کە لە سەردەمی رژێمی بەعس بە گرێبەست درابوون بە عەرەبی هاوردە.

ئەو زەویانە بە (اطفاء) واتا کوژاوە دادەنرێن، فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک لە سنووری تۆپزاوە، گرێبەستی کەرتی 15 و 18ی لە گوندی بڵاوە لەسەر عەرەبی هاوردە هەڵوەشاندووەتەوە و ئەگەر بڕیارەکەش وەکوخۆی جێبەجێکرێت 900 هەزار دۆنم زەوی  بۆ جووتیارانی کورد و تورکمان دەگەڕێتەوە.

 ساتح ناسیح، جووتیارێکی کەرکووکە، بە کوردستان24ی گوت: "خۆشحاڵین بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کە سەرجەم گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان هەڵدەوەشێنێتەوە، ئومێدەوارین بڕیارەکانی ئەنجومەنی قیادە سەورەش هەڵوەشێتەوە".

بڕیارەکە لە ساڵی 2012 لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، بەڵام کاری پێنەکراوە، لە دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەش بۆ گەڕانەوەی زەوی و زارەکانیان، هێشتاش کۆمەڵێک ئاستەنگ لە بەردەم جووتیارانی کورد ماوە کە ناتوانن خاوەندارێتی زەوییەکانیان وەربگرنەوە.

هێمن حەسیب چالاکوانی بواری جینۆساید، دەڵێت: "کێشەکە ئەوەیە ئەو کەسەی زەوییەکان وەردەگرێتەوە نابێ مووچە خۆری حکومەت بێت و مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی هەبێت".

فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک ماوەی چەند رۆژێکە دەستیکردووە بە هەڵوەشاندەوەی گرێبەستەکان، نووسراوی بۆ سەرجەم بەشەکان کردووە کە گرێبەستی هیچ زەوییەک نوێ نەکەنەوە، بەمەش خاوەنی رەسەنی زەوییەکان دەتوانن لە هۆبەی کشتوکاڵ سکاڵا تۆمار بکەن و تاوەکو خاوەندرێتی زەوییەکانیان بۆ بگەڕێتەوە.

لەوبارەوە ئەحلام فەخرەدین، جێگری بەڕێوبەری کشتوکاڵی کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەئێستادا لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە نووسراوێک بۆ فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک کراوە بۆ راگرتنی هەموو کاروبارێکی ئەو زەوییانەی گرێبەستیان هەیە و لەچوارچێوەی ئەم بڕیارەدان، بۆیە هەموو گرێبەستێکی کشتوکاڵی لەسەر ئەم زەوییانە هەڵدەوەشێتەوە".

لە سەردەمی رژێمی بەعس، ملیۆنێک و 200 هەزار دۆنم زەوی لە جووتیارانی کورد و تورکمان وەرگیراوەنەتەوە، بەشێکیان بە گرێبەست کراون بەناوی عەرەبی هاوردەوە و بەشێکی دیکەشیان خاوەندارێتیان گۆڕدراوە و کراوە بەناوی بەشێک لە وەزارەتەکانی حکومەتی عێراق.