مەحما خەلیل: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا مێژوویی بوو

مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق
مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

K24  - هەولێر

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بە "پیرۆز" و "مێژوویی" ناودەبات و دەڵێت، "سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دڵخۆشکەر لەبارەی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەردەکات".

ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئەیلوولی 2023، مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بودجەدا جێبەجێکردوون و ئێستا هیچ بیانوویەک بەدەست حکومەتی عێراقەوە نەماوە بۆ رەوانەنەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.  

مەحما خەلیل سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بە "پیرۆز" و "مێژوویی" ناودەبات و ئاماژە بەوە دەدات، دوای سەردانەکە بیروبۆچوونی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی لایەنە سیاسییەکان لە عێراق بەرامبەر بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گۆڕاوە و وەک پێشتر نەماوە.

وەکو ئەوەی ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی باسی کرد، بەهۆی سەردانەکەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، چاوەڕێدەکات سبەی یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دڵخۆشکەر لەبارەی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەربکات.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا جێبەجێکردووە و، وڵاتە هەرێمییەکانیش ئەو چەندە دەزانن و حکومەتی عێراقیش بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی نیازی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت، بەڵام لە ماوەی رابردوودا هەندێک لایەنی سیاسی رێگرییان دەکرد لە رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

سەردانەکەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا وەکو ئەوەی مەحما خەلیل ئاماژەی پێ دەدات، بەهۆی ئەوەی نوێنەری زۆرینەی حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان تێیدا بەشداربوون، کاریگەری هەبووە لەسەر گۆڕینی تێروانینی بەرپرسە عێراقییەکان و ئەنجامی کۆبوونەوەکان "زۆر ئەرێنی" بوون.

بەیانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14ـی ئه‌یلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سەردانی به‌غدای کرد.

شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر یەکە لە (لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا؛ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح؛ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ؛عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی حیکمەی نیشتمانی؛ ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی؛ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە؛ عەلی خەز عەلی، ئه‌مینداری گشتیی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق و فاڵح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی) کۆبووەوە.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی 15ـی ئه‌یلوولی 2023، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئەنجامی سه‌ردانەکەی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان ئاشکراکرد و ئاماژەی بەوە کرد، سه‌ردانەکەیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.

بە گوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دوو پێشنیازیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستووه‌ته‌ڕوو؛ یه‌كێكیان درێژخایه‌ن‌ و ئه‌وی دیکەشیان كورتخایه‌نه‌.

پێشنیازه‌ درێژخایه‌نه‌كه وەکو ئەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دا،‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاسای بودجه‌ و هه‌مواری به‌شێك له‌ مادده‌ و بڕگه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ كاتی زۆرتری پێویسته‌ و له‌ داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن؛ سه‌باره‌ت بە پێشنیازه‌ كورتخایه‌نه‌كەش‌، گوتی، "رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 17ـی ئه‌یلوولی 2023، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌درێت" و هیواشی خواست ئه‌و هه‌وڵانه‌ ببنه‌ بڕیار و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ مافه‌كانیان بگه‌ن.