پارتی بە لیستی ژمارە 197 بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات

پارتی لە کەرکووک
پارتی لە کەرکووک

K24 – هەولێر:

لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا و دیالە، بە ژمارە (197) بەشداری دەکات.

رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی هاوپەیمانی و پارت و کاندیدە سەربەخۆکان ئەنجامدا و لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجامی تیروپشکەکە ژمارە 197ـی بۆ دیاریکرا.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا و دیالە، لیستی دەبێت و بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات، کە لە ساڵی 2005ـەوە ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگایە لە شاری کەرکووک بەڕێوەبچێت.

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورست و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناو و لۆگۆی خۆی بەشداری دەکات و لیستەکەشی لە 30 کەسایەتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کەرکووک پێکدێت.

لە پارێزگای کەرکووک ژمارەیەک هاوپەیمانی کێبڕكێ دەکەن لەسەر 15 کورسیی ئەنجوومەنەکە و کورد بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بە چەند لیست و هاوپەیمانییەکی جیاواز بەشداری دەکات، جگەلە لیستی پارتیش، یەکێتی و حزبی شیوعی هاوپەیمانیەتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (کەرکووک، هێز و ئیرادەمانە) دروستکردووە، هەروەها یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هاوپەیمانیەتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (مەشخەڵی کەرکووک) دروستکردووە، نەوەی نوێش بەجیا بەشداری دەکات.

لە ماددەی 13ـی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەو خاڵە جێگیرکراوە کە ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957 یەکێک بێت لە بنەماکانی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک.

لە هەڵبژاردنەکانی 2005ـدا، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە لیستی برایەتی كەركووك، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و 26 کورسی لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا وەک لیستی یەکەم لە کەرکووک.