سێ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا قەدەغەی هاوردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیایان درێژکردەوە

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا کۆتایی به‌ قەدەغەی هاوردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا هێنا، بەڵام هەریەکە لە هەنگاریا، پۆڵەندا و سلۆڤاکیا بە تاکلایەنە بڕیاریانداوە بەردەوامی بە قەدەغەی هاوردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بدەن. رووسیاش دەڵێت، "سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لەڕێگەی دەریای رەشەوە ئامادەی گفتوگۆن".

پۆڵەندا، هەنگاریا و سلۆڤاکیا بە تاکلایەنە بڕیاریاندا قەدەغەی هاوردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ وڵاتەکانیان درژبکەنەوە. ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، "لە برۆکسل ئێمە شەڕمان بۆ ئەوە کرد نابێت دانەوێڵەی ئۆکرانیا هاوردەی ئەوروپا بکرێت، هەروەها ئەم قەدەغەیەش کۆتایی هاتووە و یەکێتی ئەوروپاش پێدەچێت نەیەوێت قەدەغەی هاوردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا درێژبکاتەوە، ئەگەر درێژیش نەکرێتەوە هەندێک وڵات خۆیان رێگری لە هاوردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەکەن. لەوانەش، هەنگاریا و پۆڵەندا و سلۆڤاکیا. "

هۆکاری قەدەغەی هاوردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیاش ئەوەیە، هاوردەکردنی دانەوێڵەی ئەو وڵاتە نرخی دانەوێڵەی وڵاتانی ئەوروپا دادەبەزێنێت و زیانیش بە داهاتی ناوخۆی ئەو وڵاتانە دەگەیێنێت و جووتیارانیشیان ناتوانن بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان ساغ بکەنەوە.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیاش ئاماژەی بەوەدا، "تەواو پشتیوانی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە گواستنەوەی دانەوێڵە لەدەریای رەشەوە دەکەین، بەڵام هەریەکە لە رووسیا و ئۆکرانیا بەشی خۆیان لەم رێککەوتنە هەبێت".

ئەوەشی راگەیاند، "خەڵکی ئاگای لەوەنییە ئۆکرانیا بەهیچ شێوەیەک رێگەنادات پەینی کیمیایی و دانەوێڵەی رووسیا هەناردەبکرێن."

ئۆکرانیا یەکێکە لە وڵاتانی گەورە هەناردەکاری دانەوێڵە لە جیهاندا، تەنیا لەژێر رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە نزیکەی 33 ملیۆن تۆن دانەوێڵە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە، بەڵام مانگی رابردوو رووسیا رێککەوتنەکەی هەڵپەسارد و تاوەکو مەرجەکانی مۆسکۆ جێجەجێ نەکرێن هەناردەی دانەوێڵە دەستپێناکاتەوە.