سبەی حکومەتی عێراق بڕیار لەسەر پێشنیازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات

هەردوو لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق
هەردوو لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق

K24 – هەولێر:

وابڕیارە لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیار لەسەر پێشنیازەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات کە یەکێک لە پێشنیازەکان، ناردنی 800 ملیار دیناری مانگانەیە بۆ هەرێمی کوردستان.

سبەی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پێشنیازەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیاریان لەسەر دەدات، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردبوو لە مانگەکانی (7 بۆ 12ـی ئەمساڵ) حکومەتی عێراق مانگانە بڕی 800 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و سبەش لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ئەو پێشنیازە دەدرێت.

لەلایەکی دیکەوە شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی هەموارکردنەوەی چەند بڕگەیەکی یاسای بودجە تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستانیان خستووەتەڕوو، پێشتریش شێروان دووبه‌ردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، له‌كۆتایی ئه‌مساڵ هه‌وڵده‌درێت مادده‌كانی 12 و 13ـی تایبه‌ت به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵی هه‌مواربكرێته‌وه‌.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەگەر بۆ هەر مانگێک حکومەتی عێراق مانگانە 800 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مانگانە دەتوانێت بەبێ هیچ کێشەیەک مووچەی فەرمانبەران دابەشبکات و بۆ ئەو مەبەستەش، لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەڵێنی پشتیوانیکردنی پێشنیازەکەیان بە شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە.

رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کورستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە یاوەری قوباد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد و 14 کۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامدا.

لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".

لە کۆتایی سەردانەکەشدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی لەبارەی‌ سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان رایگه‌یاند، سه‌ردانی ئه‌مڕۆیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا. 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاشکرایکرد، دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی هه‌رێمی كوردستان خستووه‌ته‌ڕوو، باسی له‌وه‌ كرد، پێشنیازه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاسای بوودجه‌ و هه‌مواری به‌شێك له‌ مادده‌ و بڕگه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ كاتی زۆرتری پێویسته‌ و له‌ داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. روونیشیكرده‌وه‌، لەبارەی پێشنیازه‌ كورتخایه‌نه‌كهشیان‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو (17ـی ئه‌یلوولی 2023)، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌درێت و هیواشی خواست ئه‌و هه‌وڵانه‌ ببنه‌ بڕیار و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ مافه‌كانیان بگه‌ن.

دوای کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەش، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو)، رایگەیاند، "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ جێگری سەرۆکوەزیران و شاندی حكومه‌تی هه‌رێم، كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان کرد، بۆ داكۆكیكردن له‌ مافە دەستووری و شایسته‌ داراییەکانمان. سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌م بۆ یه‌كدەنگییان لە داکۆکیکردن‌ لەمافەکانمان".