چاودێرێكی سیاسی: داوا دەکه‌م ئەو یەکڕیزییەی کورد بەردەوام بێت

K24 – هەولێر:

هاووڵاتیان خۆشحاڵن بە یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد و دەشڵین: هەر کات کورد پەرتەوازە بووبێت، زیانی زۆری بەرکەوتووە. چاودێرێكی سیاسیش ده‌ڵێت: یەكدەنگ نەبوونی كورد لە کاتی پەسەندکردنی بودجەى گشتی عێراق، هۆکاری ئەو دۆخەیە.

لەمباره‌یه‌وه‌ زیره‌ك كه‌مال چاودێری سیاسی دەڵێت، یەكدەنگ نەبوونی لایەنە کوردییەکان لە کاتی پەسەندکردنی یاسای بودجە، هۆکاری ئەو دۆخەیە.

كه‌مال داواش دەکات، ئەو یەکڕیزییەی کورد لە بەغدا بەردەوام بێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ یونس عوسمان هاووڵاتی به‌ كوردستان24ـی گوت: "ئه‌گه‌ر حزبه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان یه‌كگرتوو بان، حیسابی كورد له‌لایه‌كی دیكه‌ ده‌بوو".

عەبدولواحید عەزیز کۆیی هاووڵاتی هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و شانده‌ی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و جێگره‌كه‌ی و ژماره‌یه‌ك لایه‌نی سیاسی چوونه‌ به‌غدا، هێزێكی زۆری به‌ كورد به‌خشی".

رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023)، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کورستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە یاوەری قوباد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد و 14 کۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامدا.

لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".