خەلیل غازی: زۆربەی لایەنەکانی عێراق لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە هاوڕان

خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، سەردانەکەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لە کاتێکی گرنگدا بوو، هەروەها هەموو لایەنە عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەم شێوازەی بودجە، نەک بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکوو بۆ تەواوی عێراق ناگونجێت، هاوکات دەشڵێت: زۆربەی لایەنەکانی عێراق لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە هاوڕان.

خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24؛ رایگەیاند، سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو و کاردانەوەیەکی زۆری هەبوو لەسەر هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق.

هاوکات راشیگەیاند، هەموو لایەنە عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەم شێوازەی بودجە، نەک بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکوو بۆ تەواوی عێراق ناگونجێت، چونکە تاکوو ئێستا هیچ پڕۆژەیەک لەسەر بودجە جێبەجێنەکراوە. ئەوەشی خستەڕوو، چەند وەزارەتێکی حکومەتی عێراقیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی پێویستە چەند ماددەیەکی بودجە گۆڕانکاریان بەسەردا بکرێت و راستبکرێنەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق؛ ئاماژەی بەوەدا، ئەو کێشە گەورەیەی کە لەسەر بودجە بۆ هەرێم پەیدا بووە پێویستە لە زووترین کاتدا چارەسەربکرێت، لەوانە پشکی بودجەی نەفەقاتی فیعلییە بەڕاستی ئەوە ناگونجێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەسەر ئەو نەفەقاتی فیعلییە زیانمەند بوونە، بەهۆی ئەوەی کە لە دەسەڵاتی سەرۆکی دارایی کە دەڵێت "چەند داهات هەبێت دەوانرێت تەنیا ئەوەندە خەرج بکرێت" ئەو نەفەقاتە فیعلییە رێگە بە وەزیری دارایی عێراق دەدات بە میزاجی کەسی خۆی مامەڵەی بە داهات بکات.

خەلیل غازی، دەڵێت: سێ سەرۆکایەتییەکەی بەغدا و زۆرینەی سەرکردەی لاینە سیاسییەکان پشتگیرییان لە داواکارییەکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، "ئێمە گەشبینین بە هەڵوێستەکانی ئەوان"، هەروەها ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی جگە لە نەوەی نوێ سەردانی لایەنە کاریگەرەکانی پەرلەمانیان کردووە داوایان کردووە بۆ ئەو مەبەستە پشتگیریان بکەن.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14ـی ئه‌یلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سەردانی به‌غدای کرد.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی 15ـی ئه‌یلوولی 2023، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئەنجامی سه‌ردانەکەی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان ئاشکراکرد و ئاماژەی بەوە کرد، سه‌ردانەکەیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.

بە گوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دوو پێشنیازیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستووه‌ته‌ڕوو؛ یه‌كێكیان درێژخایه‌ن‌ و ئه‌وی دیکەشیان كورتخایه‌نه‌.

لەبارەی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر پێشنیازەکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: گەشبینین لەوەی سبەی یەکشەممە حکومەتی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بڕیار بدات و داواکارییەکانی شاندە باڵاکەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.

خەلیل غازی، گوتیشی: سبەی بڕیار لەسەر ناردنی 800 ملیارەکە دەدرێت، هەروەها زۆربەی لایەنەکانی عێراق لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە هاوڕان بەهۆی ئەوەی دەیانەوێت هەندێک لە خاڵەکانی یاسای بودجەدا گۆڕانکاری تێدا بکرێت بە تایبەت ئەو نەفەقاتی فیعلییە.