هێمن هەورامی: ئومێد دەکەین ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر بەڵێنەکان بدات

هێمن هەورامی
هێمن هەورامی

K24 – هەولێر

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئومێد دەکەن، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ئەو بەڵێنانە بدات کە بە شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانیان داوە.

هێمن هەورامی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەو بەڵێنانەی سەرۆکوەزیران و پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراق لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بە شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانیان دراوە، ئومێد دەکەین لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر بدرێت، بۆ ئەوەی ئەو دوو چارسەرەی لەلایەن سەرۆکوەزیران و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان خراوەتە بەردەم حکومەتی عێراق چارەسەرێکی بەپەلە و درێژخایەن بێت، ئێمە ئومێدمان وایە کە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر بدات".

گوتیشی: "ئەگەر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەر بڕیارێک بە پێچەوانەوە بدات، ئەوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەر بڕیارێک پێویست بێ پێکەوە دەیدەین".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24، سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی گوتی: "ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندین بەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیارییکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەردەوامیش لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەسەر خەتین، داواش لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین لەو وادەی کە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دیارییکراوە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن و تۆمارەکانیان نوێ بکەنەوە، چونکە ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستیەکی سیاسیی یاساییە و دواکەوتنی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، راشیگەیاند: "هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵ یەکێتی دیار نەکراوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کۆبوونەوەیەک رەتناکاتەوە".