شوان کەلاری: گەشبینم ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات

K24 - هەولێر

شوان کەلاری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، گەشبینە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدرێت.

لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، شوان کەلاری گوتی: "ئومێد هەیە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بڕیار لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران بدرێت، چونکە ئامادەسازی بۆ کراوە، سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری هەم کاتەکە و هەمیش دیدار و کۆبوونەوەکان بە گشتی و یەکڕیزی شاندەکە و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، هۆکارن بۆ ئەوەی بڵێین گەشبینین کە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەردەوام لە پەرلەمانی عێراق دەنگی نەشاز هەن، هەندێک پەرلەمانتار هەمووکات خەریکی موزایەدەن، خەیاڵیان لای ئەوەیە چۆن لە خولێکی دیکە ببنەوە پەرلەمانتار، دژایەتی هەرێمی کوردستان و شۆڤێنیەت هێشتا لەناو حوکمڕانی و لایەنەکان هەیە، بۆیە رەنگە هەندێکیان بەرزبوونەوەی خۆیان لە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستانەوە ببینن، بەڵام بە گشتی لایەنە سیاسییەکانی عێراق دوای سەردانەکەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریانداوە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لە بەرژەوەندی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران بدەن".

سەبارەت بە هەموارکردنەوەی چەند ماددەیەک لە یاسای بودجەی گشتی عێراق، شوان کەلاری دەڵێت: "لە ئەمساڵدا هەموارکردنەوە لە ماددەکان ناکرێت، بەڵام ساڵی داهاتوو دەکرێت ئەو ماددانە هەموار بکرێنەوە، ئەوەی ئێستا کێشەی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان (ئینفاقی فیعلی)یە، بابەتێکی زۆر نالۆژیکییە، بۆیە دەبێ تا ساڵی داهاتوو بگەینە چارەسەرێک کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر جەختی لەسەر کردووەتەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی، جەختیکردەوە، کە ئەو دڵنیایە ئەمڕۆ هەواڵی خۆش لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران بڵاودەکرێتەوە.