قەڵغانی رێز و داهێنان بەخشرایە نیگار حەسیب قەرەداغی

K24 - هەولێر

لە مەڕاسیمێکی شایستەدا، رێز لە تەمەنی هونەری هونەرمەندی شانۆکار "نیگار حەسیب قەرەداغی" نرا و چەپکە گوڵی وەفا و قەڵغانی رێز و داهێنان لە بواری شانۆ پێشکەش بەم هونەرمەندە کرا.

رێوڕەسمەکە لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان رێکخرا بوو، تیایدا زنجیرەیەک وتاری تایبەت لە بارەی رەوشی شانۆی کوردی و رۆڵی ئافرەتان و بەراوردێک بە  سەدەی رابردوو، ئێستای هونەری شانۆ کرا، لەم نێوەندەشدا داهێنانی "نیگار حەسیب قەرەداغی" وەک سیناریست و شانۆکارێکی بە ئەزموون باسی لە رۆژە سەختەکانی کارکردنی خۆی کرد وەک ئافرەتێک لەسەر تەختی شانۆ و پێشکەشکردنی چەند بەرهەمێکی ناوازە لە ساڵانی رابردوودا و پێگەیاندنی نەوەیەکی شانۆدۆست و هێنانە پێشەوەی کچانی ئارەزوومەندی بوارەکە.

نیگار حەسیب بۆ کوردستان24 دەڵێت: کارکردنم وەک ژنێک لەسەر تەختی شانۆ، راستە سەخت و دژوار بوو، بەتایبەت لەم ساڵانەی کە ئافرەتان بەشداریان لە کارە هونەرییەکاندا کەم بوو، بەڵام عەشق و خۆشەویستیم بۆ ئەم بواره وایکرد، کە گوێ بە ئازارەکان نەدەم، چونکە ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا گەر بمانەوێت پەیامەکانمان بگەیەنین دەبێت روو لە شانۆ بکەین و لە سەکۆی شانۆوە هاوار گەل و نیشتمان و ئافرەت بگەیەنینە شوێنی خۆی.

گوتیشی: ئەم رێزلێنانەی، کە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ تەمەنی هونەری من رێکیخست، نیشانەی رێزگرتنە لە هونەر و داهێنانی ژنانی شانۆکار و گرنگیدان بە هونەری شانۆ، بەش بەحاڵی خۆم چەندین پڕۆژەی نوێم ئامادەیە و لە داهاتوودا بە هاوکاری وەزارەت و لایەنی دیکەی هونەری کاری لەسەر دەکەم، هەروەها بەشێک لە ئازارەکانی شانۆکاران و سست بوونی پڕۆژە هونەرییەکانمان گەیاندە وەزارەتی رۆشنبیری و ئەوانیش پشتیوانی خۆیان بۆ سەرجەم پڕۆژە هونەرییەکان دەربڕی و لەگەڵ باشتر بوونی دۆخی دارایی دەست دەکەینەوە بە ئامادەکردنی کارە هونەرییەکانمان.

.
.
.
.