لە سلێمانی تەقینەوە لە ماڵێک روویدا

ئەو خانووەی تەقینەوەکەی لێ روویداوە
ئەو خانووەی تەقینەوەکەی لێ روویداوە

K24 - هەولێر

لە ماڵی ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە سلێمانی تەقینەوە روویدا و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەفسەرەکە گیانی لەدەستداوە.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، لە گەڕەکی کانی کوردەی شارەکە، تەقینەوەیەک لە ماڵی ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە روویدا و بەهۆیەوە ئەفسەرەکە گیانی لەدەستداوە.

بە گوێڕەی زانیارییەکان، ئەو ئەفسەرەی وەزارەتی پێشمەرگە، ناوی ئاکۆ محەممەد محەممەد قادرە، پلەی 'موقەدەم'ـی هەیە و سەر بە لیوای 70ـی هێزەکانی پێشمەرگەیە؛ بەشێک لەو بۆمبانەی لەسەر بانی خانووەکەی بوون و بۆ راوکردنی ماسی بەکاردەهێندران، تەقیونەتەوە و گیانی لەدەستداوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کاتی رووداوەکە ماڵ و منداڵەکانی ئەو ئەفسەرە لە ماڵ بوون، بەڵام زیانیان بەرنەکەتووە و سەلامەتن.

بەشێک لەو شایەدحاڵانەی قسەیان بۆ پەیامنێری کوردستان24 کردووە، ئاماژەی بەوە دا، ئەفسەرەکە ماوەیەکی کەمە هاتووەتە ئەو گەڕەکە و دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەکە هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە.

تەرمی ئەو ئەفسەرە رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکەن و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان کردووەتەوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.