حکومەتی عێراق مانگانە 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ سێ مانگی، بڕی 700 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممەم 17ـی ئەیلوولی 2023، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ سێ مانگ، بڕی 700 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.

هاوکات پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، "سەرەڕای ئەوەی ئاراستەیەک هەبوو کە ئەنجومەنی وەزیران تەنها بڕی 600 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام وەزیرە کوردەکان هەوڵێکی چڕیان دا، تاوەکو بڕەکە بەرزکەنەوە بۆ 700 ملیار دینار، دواتریش لەلایەن وەزیرەکانەوە دەنگ لەسەر 700 ملیار دینار درا، بۆ ماوەی سێ مانگ."

کۆی گشتی پارەکە وەکو ئەوەی پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی پێ دا، "دەکاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار، کە پێدەچێت بەیەکەوە بە هەرێمی کوردستان بدرێت، هەروەها پارەکە لەلایەن هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین دابین دەکرێت. رەنگە بەهۆی رێکارەکانەوە دوو رۆژی دیکە پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان".