لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مه‌سرور بارزانی سوپاسی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی ده‌كات

K24 - هەولێر:

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ دەکات .

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 9/17 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ محەممەد شیاع سوودانی ئه‌نجامدا.

لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت هەروەها هیوایخواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور و ڕێککەوتنەکان.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، لە بەشێکیدا هاتووە: "بە پشتبەستن بەخوای گەورە و ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمان، توانیمان بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەین و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی بگەینە رێککەوتنێکی گونجاو، بۆ دابینکردن مووچەی هاووڵاتیان".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی "پشوودرێژیی هاونیشتمانیانی خۆڕاگر" دەکات کە متمانەیان بە "حکومەتەکەی خۆیان لە دەست نەدا".

مەسرور بارزانی جەختی لەوە كرده‌وه‌، "بە پشتیوانی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی خوشەویست و ڕێگە بە هەوڵە نەزۆکەکان نادەین سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێک بدەن".

رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کورستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە یاوەری قوباد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد و 14 کۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامدا.

لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".

لە کۆتایی سەردانەکەشدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی لەبارەی‌ سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان رایگه‌یاند، سه‌ردانی ئه‌مڕۆیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاشکرایکرد، دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی هه‌رێمی كوردستان خستووه‌ته‌ڕوو، باسی له‌وه‌ كرد، پێشنیازه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاسای بوودجه‌ و هه‌مواری به‌شێك له‌ مادده‌ و بڕگه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ كاتی زۆرتری پێویسته‌ و له‌ داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. روونیشیكرده‌وه‌، لەبارەی پێشنیازه‌ كورتخایه‌نه‌كهشیان‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو (17ـی ئه‌یلوولی 2023)، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌درێت و هیواشی خواست ئه‌و هه‌وڵانه‌ ببنه‌ بڕیار و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ مافه‌كانیان بگه‌ن.

دوای کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەش، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو)، رایگەیاند، "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ جێگری سەرۆکوەزیران و شاندی حكومه‌تی هه‌رێم، كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان کرد، بۆ داكۆكیكردن له‌ مافە دەستووری و شایسته‌ داراییەکانمان. سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌م بۆ یه‌كدەنگییان لە داکۆکیکردن‌ لەمافەکانمان".