سبەی پەرلەمانی عێراق میوانداریی وەزیرانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

تەیف سامی و ئاوات شێخ جەناب
تەیف سامی و ئاوات شێخ جەناب

K24 – هەولێر:

وابڕیارە سبەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، میوانداریی وەزیری دارایی فیدراڵی و وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی و خستنەڕووی داهاتە نەوتییەکان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سبەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، میوانداریی هەریەکە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لیژنەکە لەگەڵ هەردوولا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە گفتوگۆ دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، حکومەتی هه‌رێمی كوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیه‌ چوونی وه‌زیری دارایی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق، جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌ شه‌فافیه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خستنه‌ڕووی ژماره‌ و هه‌ژماره‌كانییه‌تی به‌وپه‌ڕی راشكاوییه‌وه‌.

رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، لە یەکەم دانیشتنی ئاسایی ئەم وەرزە یاساییەی پەرلەمانی عێراق، لەسەر داوای پەرلەمانتارانی کورد، بڕگەی تایبەت بە گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی ئەمنی و رووداوەکانی ئەم دواییەی شاری کەرکووک و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە یاسای بودجە هاتووە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، بۆ کۆبوونەوەکە زیادکرا.

لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی راسپارد، میوانداریی هەردوو وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، لەبارەی داهاتە نەوتییەکان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

هاوکات ئێوارەی رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023) لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەرکردە و نوێنەرانی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گفتوگۆر لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی کرا، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیاری پەرلەمانی عێراق راگەیاند بۆ میوانداریکردنی وەزیرانی دارایی لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پرسە و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.