فۆڕمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکی مانگانە کارا دەکرێت

K24 – دهۆک

فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک لە سنووری پارێزگای دهۆک کارا دەکرێت و ئەو خێزانانەی فۆڕمەکەیان کارا نەکەن، بەشەخۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت.

حوسێن سەبری، بەرپرسی رێکخستنی فۆڕمی خۆراک لە پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو خێزانانەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان کارا نەکردووە، بەشە خۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت، چونکە لە 16ی ئایاری ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و ئەو خێزانانە نەهاتوون فۆڕمی ئەلیکترۆنی کارا بکەن.

گوتییشی: "لە سنووری دهۆک 281 خێزان فۆڕمی خۆراکیان هەیە، تا ئێستا فۆڕمی ئەلیکترۆنی 268 هەزار خێزان کارا کراوە، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریداوە، هەر خێزانێک فۆڕمی ئەلیکترۆنی کارا نەکات بەشە خۆراکی مانگانە دەبڕدرێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "فۆڕمی یەلیکترۆنی خۆراک وەک ئەزموونێکی نوێ لە حەوت پارێزگای عێراق دەستیپێکردووە، بە شایەدی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەو پرۆسەیە لە دهۆک سەرکەوتوو بووە".

بەرپرسی رێکخستنی فۆڕمی خۆراک لە پارێزگای دهۆک، ئەوەشی خستەڕوو، کە رێنماییەکانی کاراکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنیان بڵاوکردووەتەوە. داواشیکرد، ئەو هاووڵاتییانەی تائێستا نەهاتوون فۆڕمەکانیان کارا بکەم سەردانیان بکەن، چونکە دوای هاتنی بەشەخۆراکی مانگانە مافی ئەوەیان نابێت و بەشەخۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت.