لیژنه‌ی ئه‌منیی نێوان عێراق و ئێران: باره‌گاكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران له‌سه‌ر سنوور به‌یه‌كجاری چۆڵكراون

ئاڵای ئێران و عێراق
ئاڵای ئێران و عێراق

K24 - هەولێر:

لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ئه‌منیی نێوان عێراق و ئێران رایگه‌یاند، باره‌گاكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران له‌سه‌ر سنوور به‌یه‌كجاری چۆڵكراون.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، لیژنه‌ی ناوبراو ئاشكرایكرد، بە پشتبەستن بە پابەندبوونی هه‌ریه‌ك له‌ عێراق و ئێران بە خاڵه‌كانی ناو رێککەوتنی ئەمنی و لە رێگەی هەوڵە هاوبەشەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، هه‌موو ئه‌و باره‌گایانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌یه‌كجاری چۆڵكراون، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نزیك سنووری نێوان هه‌ردوو وڵات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و هێزانه‌ی ئۆپۆزسیۆن كه‌ پێشتر له‌و باره‌گایانه‌ جێگیربوون، گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ شێوێنێكی دوور له‌ سنوور و له‌ چه‌كه‌كانیشیان داماڵراون، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك په‌نابه‌ر بمێننه‌وه‌ و له‌ شوێنی ئه‌وان هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور له‌و خاڵانه‌ جێگیركراون.

به‌یاننامه‌كه‌ باسی ئه‌وه‌شی كردووه‌، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەی کۆبوونەوەكانی لیژنه‌كه‌‌ بوو، کە لە هەولێر و بەغدا بەڕێوەچوون و پاڵپشتی تەواوی بۆ حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە دەربڕی، لەگەڵ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گروپانە بەو مه‌رجه‌ی پێگەیه‌كی مەدەنییان هەبێت.

ئاسایشی سنوور یەکێکە لەو پرسانەی کە ئێران زۆرترین پێداگری لەسەر دەکاتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پێشتر بۆردومانی کردووە.

رۆژی 19ـی ئاداری 2023، عێراق و ئێران له‌میانه‌ی سه‌ردانی عەلی شەمخانی سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆكرد، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ماهه‌نگی لە رووی پاراستنی سنووری نێوان هەردوو وڵات.