کچێکی ئێزدی لە کەمپی هۆلی سووریا رزگارکرا

وێنەی فریال خدر دوای رزگارکردنی
وێنەی فریال خدر دوای رزگارکردنی

K24 – دهۆک:

کچێکی ئێزدی بەناوی فریال خدر کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لەکاتی داگیرکردنی شنگال، رفێندرابوو، لە کەمپی هۆلی سووریا رزگارکرا و بە کەسوکارەکەی شاد دەبێتەوە.

رۆژی سێشەممە (19ـی ئەیلوولی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، فریال خدر، کچێکی ئێزدییە، دوای نۆ ساڵ لە رفاندنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، لە کەمپی هۆل دۆزراوەتەوە و رزگارکراوە.

لە هێرشەکەی رۆژی 3ـی ئابی 2014ـی داعش بۆ سەر شنگال، زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە، زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.

هەر بە پێی دوایین ئامار کە لە مانگی حوەزیراندا لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بڵاوکراوەتەوە، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون، کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و 458 کەسیان رزگارکراون.