حه‌سه‌ن عه‌له‌وی: كورد به‌رده‌وام به‌ره‌نگاری رژێمه سه‌ركوتكاره‌كان بووه‌ته‌وه كه سته‌میان لێ كردووه

K24 – هەولێر:
مێژوونووس و بیرمه‌ندێكی عێراقی جه‌خت ده‌كاته‌وه، كورد له عێراق خاوه‌ن مافه و به درێژایی مێژوو سته‌می لێ كراوه، ده‌شڵێت، ئۆپۆزسیۆنی عێراقی پێشتر بۆ فشارخسته سه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی كوردی وه‌ك كارت به‌كارهێناوه، به‌ڵام له ئێستادا سه‌ركوتی ده‌كات و دژی مافه‌كانی ته‌نانه‌ت فڕۆكه‌ش به‌كارده‌هێنێت.
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی، مێژوونووس و بیرمه‌ندی عێراقی تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، كورد پێشتر له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنی عێراقییه‌وه به‌كارهێنراوه، به‌شێوه‌یه‌ك كراوه‌ته كارت بۆ فشارخسته سه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی، به‌ڵام ئایا ئۆپۆزسیۆنی عێراقی له‌و بانگه‌شه‌یه‌یدا راستگۆ بووه؟ له‌وباره‌یه‌وه پێی وایه راستگۆ نه‌بووه، چونكه ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه كه دواتر بووه ده‌سه‌ڵاتدار، هیچ شتێكی پێشكه‌ش به كورد نه‌كرد.
ئه‌و بیرمه‌نده عێراقییه سه‌رنجی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دوای ئه‌وه‌ی بووه ده‌سه‌ڵاتدار و حكومه‌تی كه‌وته ده‌ست، گوتاره‌كه‌ی گۆڕی، ته‌نانه‌ت له گوتاره‌كانیدا هه‌ڕه‌شه له كورد ده‌كات و فڕۆكه‌كانی ئه‌و حكومه‌ته‌ی پێشتر ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵات بووه، كورد بۆردوومان ده‌كه‌ن. ده‌شڵێت "هه‌رگیز ئه‌مه نابێت رووبدات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه بۆ رابردوو ئاسایی بووبێت، بۆ ئێستا هه‌رگیز رێگه‌پێدراو نییه، چونكه ئه‌و سه‌رده‌م كۆتاییپێهات."
عه‌له‌وی باس له‌وه ده‌كات شتێك كه تا ئێسته له یادگه‌ی ماوه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت كه ئه‌و كاته‌ی قوتابی قۆناغی سه‌ره‌تایی بووه، ئه‌و هه‌واڵ و رووداوانه بووه كه له كوردستانه‌وه پێیان ده‌گه‌یشت، به‌شێوه‌یه‌ك ئاماژه به‌وه ده‌كات هاوسه‌ری پووری كه ده‌كاته هاوه‌ڵزاوای باوكی له كوردستان به‌رپرس بووه و له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه بارودۆخ و هه‌واڵه‌كانیان سه‌باره‌ت به كوردستان پێگه‌یشتووه. ده‌شڵێت، مایه‌ی سه‌رنجه ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌و كات هه‌بوو، ئێستا هه‌مان بارودۆخ له ئارادایه!
عه‌له‌وی هه‌روه‌ها به سه‌رسوڕمانه‌وه باس له‌وه ده‌كات، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه كه زیاتر له نیوسه‌ده‌یه، هێشتا بارودۆخ و رووداوه‌كان له كوردستان وه‌ك خۆیه‌تی، له كاتێكدا كۆمه‌ڵێك چاره‌سه‌ر و پێشنیاز بۆ ئه‌و بارودۆخانه‌ی كوردستان خراونه‌ته‌ڕوو و پێشكه‌ش كراون.
هاوكات تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی، كورد داواكارییه‌كی هه‌یه، به‌ڵام عه‌ره‌ب وه‌ڵامیان ناده‌نه‌وه، كه ئه‌مه‌ش بابه‌ت و مامه‌ڵه‌یه‌كی شۆڤێنییه و به‌رده‌وام به دوای كورده‌وه‌یه و تاوانی كوردیشی تێدا نییه، به‌ڵكوو كورد له‌و ناوچه‌یه‌دا به‌ر له عه‌ره‌ب و شه‌ش هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوونیان هه‌بووه، واته بوونی كورد له كوردستان به‌ر له بوونی عه‌ره‌ب بووه.
ئه‌و بیرمه‌نده عێراقییه جه‌ختیكردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه به وردی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت، ده‌بێت كورد عه‌ره‌ب ده‌ربكه‌ن نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه! هه‌روه‌ها نیگه‌رانی خۆیشی ده‌ربڕیوه كه كورد له مافه‌كانیان بێبه‌ش كراون، ته‌نانه‌ت ئه‌و مافانه‌یشی كه بۆی دانراوه، به‌ڵام به هه‌ر هۆكار و پاساوێك بووبێ بۆیان ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه و نه‌چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه به‌شێكی به‌دینه‌هاتنی ئه‌و مافانه بۆ خودی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه پێی وایه بابه‌تی ماف بابه‌تی ژیانه، كه ده‌بێت كورد به‌رده‌وام وه‌ك مافێكی نه‌ته‌وه‌یی داوای بكات. روونیشیكردووه‌ته‌وه، كه كوردی عێراق به‌راورد به كوردی وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه توانیویانه هه‌ندێك له مافه‌كانیان به‌ده‌ستبهێنن، كه ئه‌مه‌ش شتێكی باشه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی رووبه‌ڕووی كورد بووه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه، كورد باجێكی زۆری داوه و خوێنی زۆر به‌هاداری رشتووه.
دووباره سه‌رنج ده‌خاته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد هیچ كات بێده‌نگ و ده‌سته‌وسان نه‌بووه و دوور نه‌بووه له دانپێدانان، به‌ڵكو هه‌ر بابه‌تێك په‌یوه‌ندی به پرسه‌كه‌یانه‌وه هه‌بووبێت ده‌ستوه‌ردانیان كردووه و به‌شدارییان تێدا كردووه و له ئاست مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان بێده‌نگ نه‌بوونه، به‌ڵكوو به درێژایی ساڵانی رابردوو خه‌بات و تێكۆشانی به‌رده‌وامی كردووه.
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی پێی وایه كورد له عێراق به‌راورد به وڵاتانی دیكه‌ی وه‌كو سووریا و ئێران و ئه‌و وڵاتانه‌ی دیكه‌ش كه كوردیان تێدایه، زیاتر به مافه‌كانی گه‌یشتووه و رژێمه‌كانی عێراق تا راده‌یه‌ك نه‌رمتر بوونه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه به هه‌ندێك له مافه‌كانی بگات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا عه‌له‌وی جه‌خت ده‌كاته‌وه كورد سته‌ملێكراو بووه، نه‌خاسمه كه كورد مێژوویه‌كی كۆن و دێرینی هه‌یه و بوونی به‌ر له بوونی عه‌ره‌ب بووه له‌و ناوچه‌یه.
عه‌له‌وی له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران و توركیا دژ به كورد، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه كه هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه ئه‌وه‌یه كورد داوای مافه‌كانی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وان به‌ره‌نگاری ده‌بنه‌وه و لێی ده‌ده‌ن و ده‌شڵێن كه ماف به كورد دراوه، به‌ڵام له رووی كرده‌ییه‌وه ئه‌و مافانه ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێن.