گوتەبێژی سکرتێری گشتی UN بۆ کوردستان24: لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیمان هەیە

"زۆر بەباشی ئاگاداری مێژووی پڕ لە سەختیی گەلی کوردین"
ستێفان دوژاریک گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
ستێفان دوژاریک گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

K24 - نیویۆرك:

ستێفان دوژاریک گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کوردستان 24ی رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان هەیە و زۆر بەباشیش ئاگاداری مێژووی پڕ لە سەختیی و ئالنگاری گەلی کوردن.

دوژاریک راشیگەیاند، کورد بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەشکراوە و پێویستە رێز لە دەنگ و مافییان بگیرێت.

هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئێمە هەموومان زۆر بەباشی ئاگاداری مێژووی پڕ سەختی و ئالنگاری گەلی کوردین، دۆخەکە ئێستا بەو شێوەیەیە کە هەموومان دەزانین، گەلی کورد لە چەند وڵاتێک دابەش بوونە، دەنگی پێکهاتەکانی کورد بیستراوە و رێزلێگیراوە، رێگەیان پێدراوە گەشە بکەن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لە عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیمان هەیە، لە هەر شوێنێک بین لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکانی ئەم ناوچانە لەپەیوەندیداین لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانمان، بەتایبەت بەرنامە مرۆییەکان".