ئه‌نجامی پشكنینی پێكانه‌كه‌ی لیۆنێل مێسی

لیۆنێل مێسی دوای ئه‌وه‌ی له‌ خوله‌كی 37 یاریگه‌ی جێهێشت
لیۆنێل مێسی دوای ئه‌وه‌ی له‌ خوله‌كی 37 یاریگه‌ی جێهێشت

لیۆنێل مێسی كاپتنی یانه‌ی ئینته‌ر مه‌یامی له‌ یارییه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌هۆی پێكانه‌وه‌ یاریگه‌ی جێهێشت و دوورخرانه‌وه‌ی بۆ یاریی داهاتوو یه‌كلایی بووه‌ته‌وه.

لیۆنێل مێسی دوای دوو یاریی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خولی ئه‌مریكا، له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به‌رامبه‌ر تۆرنتۆ گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ خوله‌كی 37 به‌هۆی پێكانه‌وه‌ یارییه‌كه‌ی پێ ته‌واو نه‌كرا و یاریگه‌ی جێهێشت ئه‌وكات هیچ گۆڵێك له‌ یارییه‌كه‌ نه‌كرا بوو. جۆردی ئالبای هاورێی مێسیش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌و یارییه‌ تووشی پێكان بوو.

ئینته‌ر مه‌یامی نیوه‌ی یه‌كه‌می به‌ گۆڵێكی فاكوندۆ فاریاس ته‌واو كرد، دواتر ڕۆبێرت تایلۆر کە لە شوێنی مێسی بەشداری کرد له‌و یارییه‌ دوو گۆڵ و ئاسیستێكی كرد، تاكه‌ گۆڵه‌كه‌ی دیكه‌ی ئینته‌ر مه‌یامی بێنیامین كریماچی تۆماری كرد. دواجار ئینته‌ر مه‌یامی یارییه‌كه‌ی به‌ 4 گۆڵی بێوه‌ڵام برده‌وه‌.

لیۆنێل مێسی تەمەن 36 ساڵ، پێش ئه‌و یارییه‌ بەهۆی هیلاكی به‌شداریی یارییه‌كه‌ی ئینته‌ر مه‌یامی به‌رامبه‌ر ئاتاڵانتا نه‌كرد، مه‌یامی یارییه‌كه‌ی 5 ـ 2 دۆڕاند.

راهێنه‌ری ئینته‌ر مه‌یامی دوورخرانه‌وه‌ی مێسی راگه‌یاند

تاتا مارتینۆ ڕاهێنەری ئینتەرمیامی دوای یارییه‌كه‌ ڕایگەیاند، پێشكنینی به‌رده‌وام بۆ مێسی ده‌كرێت و دۆخی ته‌ندروستی ئه‌و یاریزانه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە یارییەکەی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو به‌رامبه‌ر ئۆرلاندۆ سیتی بەشداری ناكات.

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری دوورخرانه‌وه‌ی مێسی له‌ یاریی كۆتایی جامی ئه‌مریكای هه‌فته‌ی داهاتوو به‌رامبه‌ر هیوستن داینامۆ هیوستن، تاتا مارتینۆ ده‌ڵێت: جارێ ته‌نیا ده‌زانم بۆ یارییه‌كه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ به‌شداریی ناكات، بۆ یارییه‌كه‌ی چوارشه‌ممه‌ی داهاتووش نازانم، ئه‌گه‌ر له‌ دۆخێكی ته‌ندروستی باش نه‌بێت لیۆ به‌شداریی ناكات.

راهێنه‌ره‌ ئارجێنتینایه‌كه‌ی ئینته‌ر مه‌یامی گوتی: "پێموایه‌ مێسی هیچ پێکانێکی ماسولکەیی نییە، بەڵام دەبێت وریا بین، لە ڕۆژانی داهاتووشدا لێکۆڵینەوه‌ی زیاتر له‌ بابه‌تی پێكانی مێسی ده‌كه‌ین".

"پێكانه‌كه‌ی مێسی هی پێشوویه‌تی"

بەگوێرەی ڕۆژنامەنووسی ئارجێنتینا جەستن ئایدڵ، پێکانه‌كه‌ی مێسی له‌ ماسولكه‌كانی پێشه‌وه‌ی قاچیه‌تی، ده‌شڵێت: ئه‌و پێكانه‌ شتێكی نوێ نییه‌، هی پێشوویه‌تی، مێسی له‌ ترسی ئه‌وه‌ی دۆخی ته‌ندروستی خراپتر نه‌بێت یاریگه‌ی جێهێشتووه‌، چونكه‌ ئامانجی مێسی به‌شداریكردنه‌ له‌ یاریی كۆتایی جامی ئه‌مریكا.

ئینتەر مه‌یامی له‌ گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ لیۆنێل مێسی خاوه‌نی حه‌وت خه‌ڵاتی تۆپی زێرینی گواسته‌وه‌، تا ئێستا یانه‌كه‌ یەک یاری لەگەڵ مێسی لە یاریگادا نەدۆڕاندووە.

ئینتەر میامی یه‌كه‌مین نازناوی له‌ مێژووی خۆیدا له‌گه‌ڵ مێسی برده‌وه‌، هه‌فته‌ی داهاتووش هەوڵی بەدەستهێنانی نازناوی دووەمی ئەم وەرزە دەدات.

مێسی پێش یارییه‌كه‌ هه‌ستی به‌ ئازار كردووه‌
مێسی پێش یارییه‌كه‌ هه‌ستی به‌ ئازار كردووه‌