ژنێک بووە بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی

شاناز عامر بەدران، بەڕێوەبەری گشتیی نوێی گەشتوگوزاری سلێمانی
شاناز عامر بەدران، بەڕێوەبەری گشتیی نوێی گەشتوگوزاری سلێمانی

K24 – سلێمانی:

ژنێک لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی دەستبەکار دەبێت و ئەمڕۆش رێورەسمی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکە بە ئامادەبوونی، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

رۆژی پێنجشەممە (21ـی ئەیلوولی 2023)، شاناز عامر بەدران، وەک بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی لە شوێنی عەلی رەئوف، دەستبەکاربوو.

لە رێورەسمێکدا کە ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەر و بەرپرسی هۆبەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەی گەشتوگوزار لە پارێزگای سلێمانی ئامادەیبوون، پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی لەنێوان شاناز عامر بەدران و عەلی رەئوف ئاڵوگۆڕکرا.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی تەنیا لە ماوەی حەوت رۆژی پشووی جەژنی قوربانی ئەمساڵ، زیاتر لە 113 هەزار گەشتیار لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتی ئێران و ناوچەکانی دیکە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سلێمانییان کردووە.

هەروەها لە پشووی سەری ساڵی 2023ـدا، زیاتر لە 67 هەزار کەس سەردانی پارێزگای سلێمانییان کردووە، کە بەراورد بە ساڵی 2022، دوو هێندە بووە کە نزیکەی 30 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانییان کردبوو.

رۆژی (30ـی تەمموزی 2023)، نەخشە رێگای چاکسازی لە کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا، کە نەخشە رێگاکە لە نۆ سێکتەری سەرەکی پێکهاتووە، تێیدا ئەو زۆنانە دەستنیشانکراون کە لە کوردستان بە وردی کاری لەسەر دەکرێت و بۆ حەوت ساڵی داهاتووش هەردوو دەستەی گەشتوگوزار و وەبەرهێنان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هاوکار دەبن بۆ گرنگیدان بە ژێرخان و پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی سێکتەری گەشتیاری.