به‌رنامه‌ی له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كانه‌وه تاووتوێی بارودۆخی كه‌ركووك ده‌كات

K24 - هەولێر:
كه‌ركووك وه‌ك شارێكی كوردستانی كه به‌پێی سه‌رژمێری ساڵی 1957 زۆرینه‌ی پێكهاته‌كه‌ی كورده، له كۆنه‌وه به‌تایبه‌تی له‌وه‌ته‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه هه‌وڵ ده‌درێت دیمۆگرافیاكه‌ی بگۆڕدرێت و نه‌هێڵدرێت كورد خاوه‌نداریه‌تی بكات و به‌ڕێوه‌ی ببات، له دوای ساڵی 2003 هه‌وڵ درا پرسی كه‌ركووك به ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام له دوای بیست ساڵ، هێشتا ئه‌و شاره رووبه‌ڕووی هه‌مان سیاسه‌تی رژێمه‌كانی پێشوو و پێشووتری عێراق ده‌بێته‌وه و هه‌وڵه‌كان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیاكه‌ی به‌رده‌وامه. به‌رنامه‌ی ئه‌مجاره‌ی له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كان كه له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووس ئه‌حمه‌د زاوێته‌ییه‌وه له كوردستان24 پێشكه‌ش ده‌كرێت، بۆ تاووتوێكردنی ئه‌و بابه‌ته و چه‌ند ره‌هه‌ندێكی، میوانداری عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا، پارێزگاری پێشووی شاره‌كه‌ی كردووه و په‌نجه ده‌خاته بارودۆخی شاره‌كه.
عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا، پارێزگاری پێشووتری پارێزگای كه‌ركووك ئاماژه‌ی به‌وه كرد، بارودۆخی كه‌ركووك له كۆنه‌وه بارودۆخێكی ئاڵۆز و ناله‌باری هه‌بووه و چه‌قی ئاڵۆزی و رێكنه‌كه‌وتنی نێوان شۆڕشی كورد و رژێمه‌كانی عێراق بووه و هیچ كاتیش كورد هۆكاری دروستبوونی ئه‌و ئاڵۆزییانه نه‌بووه.
عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد، سه‌ره‌كیترین كێشه و ئاڵۆزییه‌كانی كه‌ركووك بۆ ساڵی 1927 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی نه‌وت له‌و شاره دۆزرایه‌وه، كه ئه‌مه‌ش پاڵی به حكومه‌تی ئه‌و سای عێراقه‌وه نا، دیمۆگرافیای ناوچه‌كه به پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی كورد له شاره‌كه بگۆڕێت.
پارێزگاری پێشووتری پارێزگای كه‌ركووك سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه كێشه‌ی كه‌ركووك و گۆڕینی دیمۆگرافیاكه‌ی، به شێوه‌یه‌ك كه له به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نه‌بێت، له كوده‌تای به‌عسییه‌كان له 1963 به لووتكه گه‌یشت، پاشان له 1968 جارێكی دیكه ئه‌و هه‌وڵه به‌هێزتر بوو، هاوكات له دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوولیش له ئاداری 1975ـدا، ئه‌نجام و ئاكامه‌كانی زیاتر ده‌ركه‌وتن و كاریگه‌رییه‌كانیان زیاتر بوو و به‌شێوه‌یه‌كی چڕ تاوه‌كوو ساڵی 2003 به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام دوای ساڵی 2003 هه‌نگاو بۆ نه‌هێشتنی كاریگه‌رییه‌كانی سیاسه‌تی رژێمی به‌عس له شاره‌كه نرا، به‌ڵام ئه‌ویش په‌یتا په‌یتا لاواز بوو و ته‌نانه‌ت ده‌ستووریش نه‌یتوانی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه ئاڵۆزییانه‌ی شاره‌كه بكات.
جه‌ختیشیكرده‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مادده‌ی 140ـی ده‌ستووری ساڵی 2005 تایبه‌ت كرا به چاره‌سه‌ركردنی بارودۆخی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی كه‌ركووك، به‌ڵام به‌هۆی بوونی كه‌سانێك له‌ناو دامه‌زراوه باڵاكانی عێراق، ئه‌م مادده‌یه نه‌توانرا وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت و رێگری له جێبه‌جێكردنی كرا، له كاتێكدا ده‌بوو تاوه‌كوو 31ـی كانوونی یه‌كه‌می 2007، مادده‌كه وه‌ك خۆی كه سێ قۆناغی له‌خۆگرتبوو، له واقیعدا جێبه‌جێ بكرایه و كۆتایی به پاشماوه و لێكه‌وته‌كانی سیاسه‌ته‌كانی رژێمی به‌عس به‌رامبه‌ر به شاره‌كه بهێنرایه.
به بۆچوونی عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا كه‌ركووكییه‌كان به جیاوازی پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هیچ كێشه‌كیان له‌نێوان خۆیاندا نییه و نموونه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌گه‌ر كێشه هه‌بێت له‌نێوان سیاسییه‌كاندایه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سیاسییه‌كانیش نه‌یانگه‌یاندووه‌ته ئه‌وه‌ی "ئێسقانی یه‌كدی بشكێنن". گوتیشی، له‌ناو ئه‌و سیاسییانه‌شدا كه‌سانێك هه‌یه كه توندڕه‌ون و ئاره‌زووی ئاشته‌وایی شاره‌كه ناكه‌ن و له نانه‌وه‌ی ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی و ئاژاوه، سوودمه‌ند ده‌بن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زیان به ئاشته‌وایی نێوان پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی شاره‌كه ده‌ده‌ن.
عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 2003 تاوه‌كو 2017، كورد ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركووكی ده‌كرد، له‌و ماوه‌یه‌شدا سه‌ره‌ڕای بوونی هه‌ندێك كێشه و پرسی لاوه‌كی، به‌ڵام هیچ كات كارێكی نه‌خوازراو له شاره‌كه رووی نه‌داوه، كه ببێته مایه‌ی تێكچوونی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و لێكدووركه‌وتنه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان به‌ته‌واوی جیاوازی نێوانیانه‌وه.
ناوبراو پێی وایه هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌بژێرێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ناو پێكهاته جیاوازه‌كانی كه‌ركووك بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كێشه و ئاڵۆزییه‌كی شاره‌كه گرنگه، به‌و مانایه‌ی ئه‌و ده‌سته‌بژێره به ته‌واوه‌تی گوزارشت له ته‌واوی پێكهاته‌كان بكات و په‌رۆشی شاره‌كه بن و له ئه‌گه‌ری بوونی هه‌ر بابه‌تێكی نه‌خوازراو، وه‌ك ده‌سته‌یه‌كی فریاگوزاری بتوانن كۆنتڕۆڵی بابه‌ته نه‌خوازراوه‌كه بكه‌ن.
هه‌روه‌ها عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌كبوون و یه‌كڕیزی نێوان هێزه سیاسییه كوردییه‌كان له شاره‌كه كرده‌وه و پێی وابوو، ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی نێوان 2003 – 2017 بۆ كورد له شاره‌كه به‌ده‌ستهات، هۆكاره‌كه‌ی بۆ بوونی یه‌كڕیزی و ئاستی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارته كوردییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له‌میانی نیشاندانی هێزی كوردی، ئیداره‌ی شاره‌كه بكه‌ن و ده‌ستكه‌وتی جیاواز به‌ده‌ستبهێنن. به پێویستیشی زانی هێزه كوردییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌م قۆناغه‌دا یه‌كگرتوو بن، به‌شێوه‌یه‌ك یه‌كگرتوویی ئه‌وان، وا ده‌كات پێكهاته‌ی كورد له شاری كه‌ركووك یه‌كگرتوو تر بێت و به‌مه‌ش ده‌توانن دووباره زۆرینه‌ی كورسی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكه به‌ده‌ستبهێننه‌وه و له كۆتاییشدا كورد ده‌توانێت ئیداره‌ی پارێزگاكه وه‌ربگرێته‌وه و ده‌ست و باڵی ئاشتی به‌سه‌ر ته‌واوی پێكهاته‌كانی دیكه‌ش بكێشێت، له‌وه‌ش زیاتر كورد ده‌توانێت به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه مافه‌كانی خۆی له شاره‌كه به‌ده‌ستبهێنێته‌وه.
له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان كه بڕیار وایه له 18ـی كانوونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت و هاوكات كه‌ركووكیش ده‌گرێته‌وه، عه‌بدولره‌حمان سدیق ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان هیچ كه‌سێك كه چووه‌ته شاره‌كه، بۆی نییه به‌شداری ده‌نگدان له‌و شاره بكات، به‌ڵكوو ده‌بێت له شوێنی پێشوویدا ده‌نگ بدات. گوتیشی، ئه‌گه‌ر ئه‌مه وه‌ك هه‌نگاو بكرێته كرده‌یی، ئومێد دروست ده‌كاته‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ری بۆ دانراوه.
له باره‌ی رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا ئه‌و رووداوانه تا ئاستی "نزیك له سفر" ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردی له شاری كه‌ركووك له‌ناو برد، به‌تایبه‌تی كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كورد له شاره‌كه ده‌سه‌ڵاتی ئیداری و ئه‌منی و سیاسی نه‌مێنێت، به‌مه‌ش كورد و ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌و شاره زۆر لاواز بووه، كه هه‌ر ئه‌مه‌ش رێگه بۆ رووداوی نه‌خوازراوی دژ به كورد ده‌كات. هیواشی خواست كورد له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكاندا بتوانێت له كه‌ركووك ده‌نگی پێویست بهێنێته‌وه و ئیداره‌ی شاره‌كه بگرێته‌وه ده‌ست.