لە نیویۆرک سەفین دزەیی و برێت مەکگۆرک کۆبوونەوە

دیداری سەفین دزەیی و برێت مەکگۆرک
دیداری سەفین دزەیی و برێت مەکگۆرک

K24 – هەولێر:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و برێت مەکگۆرک، هەماهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەوە.

رۆژی پێنجشەممە (21ـی ئەیلوولی 2023)، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، چاوی کەوتووە بە مەکگۆرک، هەماهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەکردووە، "سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکارییە بەردەوامەکانی لەگەڵ بەغدا دەربڕی".

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێـمی کوردستان لە ئەمەریکا ئامادەبووە. 

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە شاندی باڵای عێراق کە بەشداری لە کۆبوونەوکانی خولی 78ـی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئێستا کارەکانی لە نیویورۆک بەڕێوەدەچێت.