ئۆکرانیا بارەگای کەشتیگەلی رووسیای لە دەریای رەش بۆردومانکرد

K24 – هەولێر:

پارێزگاری شاری سێڤاستۆپۆڵی کریمیا رایگەیاند، ئۆکرانیا بە مووشەک بارەگای سەرەکی کەشتیگەلی رووسیای لە دەریای رەش بۆردومانکردووە.

ئەمڕۆ هەینی (22ـی ئەیلوولی 2023)، میخایل رازڤۆژایێڤ، پارێزگاری شاری سێڤاستۆپۆڵی کریمیا، رایگەیاند، ئۆکرانیا بە مووشەک بارەگای سەرەکی کەشتیگەلی رووسیای لە دەریای رەش بۆردومانکردووە و هاتووچۆی پردی کریمیاش راگیرا.

پارێزگاری شاری سێڤاستۆپۆڵی کریمیا، ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای ئۆکرانیا و ترسی دووبارەبوونەوەیان، هاتووچۆی پردی کریمیا راگیرا و داواش لە هاووڵاتیان دەکرێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە و سەردانی ناوەندی شاری سێڤاستۆپۆڵ نەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە ئەمریکا کردووە مووشەکی دوورمەودا رەوانەی کیێڤ بکات، تا خاکی کریمیا بکەنە ئامانج.

کریمیا لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە کە کیێڤ هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر هێزەکانی رووسیا دەستپێکرد، بەردەوام لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاسمانی و دەریاییەوە هێرشی دەکرێتە سەر.

لە کۆتایی مانگی تەمموزدا مۆسکۆ 25 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستەخوارەوە کە ئاراستەی کریمیا کرابوون، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی تۆمار بکات، دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی هەمان مانگدا 18 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەی خستەخوارەوە.

راهێنانی فڕۆکەوانە ئۆکراینیەکان–کیێڤ، نیازی خۆی بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچانەی مۆسکۆ داگیری کردووە، لەنێویاندا کریمیا پشتڕاست دەکاتەوە.

پێشتریش ئۆکرانیا لە رۆژی سەربەخۆیی نیشتمانیدا، رایگەیاند، کە یەکەکانی هێزە تایبەتەکانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیان لە کریمیا دەستپێکردووە، لەو ماوەیەدا ئاڵای ئۆکرانیایان بەرزکردووەتەوە، کە نوێنەرایەتی سەرکەوتنێکی رەمزی دەکات.

هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا ئەرکی یەکەکانی هێزە تایبەتەکانی روون نەکردۆتەوە و تەنها ئەوەیان راگەیاندووە کە دوای تەواوکردنی هەموو "ئامانج و ئەرکەکانیان" "بەبێ ئەوەی زیانیان پێ بگات" رۆیشتوون.