ئه‌مشه‌و چاڤی چاوی له‌ تۆماركردنی ریكۆردێكی نوێیه‌

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا دوای دوو بردنەوەی لەسەر یەک لە ماوەی هەفتەی رابردوو، ئەمجارەیان لە گەڕی شەشەمی لالیگا میوانداریی سێلتا ڤیگۆ دەکات، بارسا دوایین یاریی بەرامبەر رکابەرەکەی دۆڕاوە، بەڵام لەوەتەی ساڵی 2002 دوو یاریی لەسەر یەک بەرامبەر سێلتا نەدۆڕاوە.

بارسێلۆنا دوای زنجیرەیەک ئەنجامی باش و بردنەوەی لەسەر یەک، ئه‌مشه‌و له‌ كاتژمێر 07:30ـی ئێواره‌ به‌ كاتی هه‌ولێر لە یاریگای لویس کۆمپانیس میوانداریی سێلتاڤیگۆ دەکات.

بارسێلۆنا هەفتەیەکی نایابی بەڕێکرد و ئەو یانەیە سەرەتا لە گەڕی پێنجەمی لالیگا توانی لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی پێنج گۆڵی بێوەڵام لە ریال بێتیس بباتەوە، پاشان هەر لە یاریگای خۆی و لە گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگیش بە هەمان ئەنجام لە ئانتوێرپی بەلجیکی بردەوە.

بلاوگرانا سێیەم یارییە لەسەر یەک لە یاریگای خۆی یاریی دەکات، کاتێک لە گەڕی شەشەمی لالیگا پێشوازیی لە سێلتا ڤیگۆ دەکات. ئەو یانەیە هەرگیز لە مێژوودا نەبووە سێ یاریی لەسەر یەک بە ئەنجامی پێنج سفر بباتەوە، بۆیە بە بردنەوەی تیپەکەی چاڤی بە هەمان ئەنجامی دوو یاریی رابردوو، ژمارەیەکی پێوانەیی لە مێژووی یانەکە تۆمار دەکرێت.

بارسێلۆنا لە دوایین یاریی کە وەرزی رابردووی لالیگا بوو، لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ دۆڕاوە، هەروەها بلاوگرانا دوایینجار لە ساڵی 2021 لە یاریگای خۆی بەرامبەر رکابەرەکەی دۆڕاوە، بە گشتی لە دوایین پێنج یاریی نێوان هەردوو یانە، بارسا دوو بردنەوە و دوو دۆڕانی هەیە.

دوایینجار کە سێلتاڤیگۆ دوو یاریی لەسەریەکی لە بارسێلۆنا بردبێتەوە ساڵی 2002 بوو، لەو کاتەوە ئەو یانەیە نەیتوانیوە دوو یاریی لەسەر یەک لە یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا بباتەوە.