هاووڵاتییەک لە ناڵپارێز بە تۆمەتی خەڵوزکردن دەستگیرکرا

کورەیەکی خەڵوز کە لەلایەن ‌هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەستی بەسەردا گیراوە
کورەیەکی خەڵوز کە لەلایەن ‌هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەستی بەسەردا گیراوە

K24 – هەولێر

هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە، لە ناحیەی ناڵپارێزی سنووری قەزای پێنجوێن، هاووڵاتییەکیان بە تۆمەتی خەڵوزکردن دەستگیرکرد و دەستیان گرت بەسەر 18 فەردە خەڵوز.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی ناڵپارێز لە سنووری گوندی (کانی سپیکە)، هاووڵاتیەکیان بە تۆمەتی خەڵوزکردن دەستگیر کرد، هەروەها دوو کورەی خەڵوز تێکدران و دەستگیرا بەسەر 18 فەردە خەڵوز.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە سنووری ناڵپارێز لە گوندی (یاساماڵ)، لەکاتی دەرچوونی مەفرەزەکانیان بە هاوکاری ئاسایشی ناڵپارێز، بۆیان دەرکەوتووە کە ژمارەیەکی داری سرووشتی بڕاونەتەوە، بەڵام سەرپێچیکارەکە نادیارە، هەروەها دەستگیرا بەسەر موشارێکی داربڕین و ماتۆڕسکیلێك دا .پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخراوەو رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.

لە هەرێمی کوردستان بڕینی دار بە یاسا قەدەغە کراوە، بەگوێرەی ماددەی 21 لە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012ی تایبەت بە دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینەوەی دار لەنێوان سێ ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە، کە ماوەکەی لە ساڵێک تێپەڕ نەکات.

.
.