ئه‌میر عوسمان: رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌رێمی كوردستان به دوورگه‌ی ئاشتی بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ژیان ناو ده‌به‌ن
K24 - هەولێر:
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان 21ـی ئه‌یلوولی هه‌موو ساڵێكی وه‌ك رۆژی ئاشتی جیهانی ده‌ستنیشان كردووه و له‌سه‌ر ئاستی باڵا و رێكخراوه سه‌ره‌كی و لاوه‌كییه‌كانه‌وه بایه‌خ به‌و رۆژه ده‌دات و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش به بۆنه‌ی ئه‌و رۆژه‌وه چالاكی جۆراوجۆر و هه‌مه‌لایه‌ن ئه‌نجام ده‌درێت، هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری به‌یه‌كه‌وه‌ژیان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ده‌ڵێت، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌رێمی كوردستان به دوورگه‌ی ئاشتی بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ژیان ناو ده‌به‌ن.
هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له چه‌قی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بووه‌ته جێی سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و له كۆی 200 وڵاتی جیهان له ریزبه‌ندی په‌نجایه‌مینی ئه‌و وڵاتانه دێت، كه توانیویه‌تی پارێزگاری له به‌هاكانی ئاشتی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان بكات.
رۆژی (پێنجشه‌ممه 21ـی ئه‌یلوولی 2023) له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و له‌ژێر چاودێری پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌یه‌كه‌وه‌ژیان له‌و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، ئه‌م رۆژه به ئه‌نجامدانی چالاكییه‌ك كه بریتی بوو له "دیداری كوردستان بۆ ئاشتی" به‌رز راگیرا.
له‌و دیداره‌دا ژماره‌یه‌ك پانێڵ له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له قه‌شه زه‌یا شابا، نوێنه‌ری مه‌سیحییه‌كان، شێخ ئیبراهیم، نوێنه‌ری موسڵمانان، خێری بۆزانی، نوێنه‌ری ئێزدییه‌كان، ره‌حیق نه‌شئه‌ت سافی، نوێنه‌ری به‌هائییه‌كان، سه‌فاء ثامر، نوێنه‌ری سابیئه‌كان، سه‌فه‌ر هاواری، نوێنه‌ری كاكه‌ییه‌كان، ئه‌نداز حه‌وێزی، نوێنه‌ری زه‌رده‌شتییه‌كان و شێركۆ عوسمان لاسۆك، نوێنه‌ری جووه‌كانی كوردستان پێشكه‌ش كرا.
سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و دیداره و كاردانه‌وه‌كان، ئه‌میر عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌یه‌كه‌وه‌ژیان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، به‌رزراگرتنی ئه‌و بۆنانه، ده‌چێته ناو چوارچێوه‌ی گرنگیپێدانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌ی نۆیه‌م و خودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، كه له كارنامه‌ی كابینه‌كه‌یدا جه‌ختی له‌سه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی كوردستان كرده‌وه و پاراستنیشی به پێویست زانیوه.
ئه‌میر عوسمان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له چوار ساڵی رابردووی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو راپۆرته‌كانی كۆمیسیۆنی ئازادی ئایینی له ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و وڵاتانی كه‌نداو به‌تایبه‌ت وڵاتی ئیماڕاتی عه‌ره‌بی، له راپۆرته‌كانی ساڵانه‌یاندا زۆر به گرنگییه‌وه جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی له هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه و به لایانه‌وه جێی بایه‌خ و سه‌رنجێكی ورده. ئه‌میر عوسمان روونیشیكرده‌وه، له راپۆرته‌كاندا به روونی هه‌رێمی كوردستان له‌و رووه‌وه له عێراق جیاكراوه‌ته‌وه و ناویان له هه‌رێمی كوردستان ناوه "دوورگه‌ی ئاشتی و ئارام بۆ پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان".