عەلاوی: سەددام ههوڵی كوشتنمی دا بەڵام ئامادە نەبووم بە دەستگیرکراوی لەژێر دەستی ئەمەریکییەکاندا بیبینم

K24 – هەولێر:
ئەیاد عەلاوی، سیاسەتمەداری عێراقی کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا ماوەیەک لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بووە، بە گوتەی خۆی سەددام حوسێن هەوڵیداوە بیکوژێت، بەڵام کاتێک رژێمی بەعس رووخاوە و سەددام لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە دەستگیرکراوە، ئەو رەتی کردووەتەوە سەددام بەو جۆرە ببینێت.
ئەیاد عەلاوی لە نوێترین هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ـدا كه له ژمارهی رۆژی (یهكشهممه 24ـی ئهیلوولی 2023) بڵاوكراوهتهوه، رایگهیاندووه، رەتی کردووهتهوه سەددام حوسێن بە دەستگیرکراوی لەژێر دەستی ئەمەریکییەکاندا ببینێت، لەبەرئەوەی "دڵخۆشبوون به بێدهسهڵاتی كهسی بهرامبهر" لە کولتووری ئهواندا نهبووە، بەتایبەتی کاتێک بەرانبەرەکەت لە دۆخێکدایە کە ناتوانێت وەڵامت بداتەوە. عهلاوی گوتووشیهتی، سەددام، سەرەڕای ئەوەی بە وڵاتەکە و بە ئهوانی کرد، بهڵام هێشتا سەرۆکی عێراق بوو و نەیدەویست سەرۆکی عێراق ببینێت کە بووەتە دیلی دەستی ئەمەریکییەکان. ئاماژەی بەوەشدا "خەونمان بە دامەزراندنی عێراقێکی نوێوە دەبینی، کە لەسەر بنەمای دادپەروەری بونیاتی بنێین نەک تۆڵەسەندنەوە".
جگە لە ئەیاد عەلاوی، پیاوی دووەم کە رەتی کردووەتەوە سەددام حوسێن لەو دۆخی ژێردەستییدا ببینێت، سەرۆک بارزانی بووە، ئەو پیاوەی لەپێناو گەل و نیشتمان، شۆڕشی دژی سەددام و رژێمە لەناوچووەکەی کرد و دەیان قوربانی دا.
سەرۆک بارزانی پێشتر لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ـدا، سەبارەت بە سەردانینەکردنی سەددام حوسێن کاتێک لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە دەستگیر کرا، گوتوویهتی: "رەتم کردەوە سەددام ببینم، چونکە دڵخۆشبوون به بێدهسهڵاتی كهسی بهرامبهر تایبەتمەندییەکی پیاوانە نییە."
رۆژی 13ـی کانوونی یەکەمی 2003 لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا کە ئەمەریکییەکان ناوی (بەیانی سوور)ـیان لێنابوو، دوای هەشت مانگ لە گەڕان و کێوماڵکردن، هێزی کۆماندۆی ئەمەریکی توانیان سەددام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق دەستگیر بکەن.
ئەمەریکییەکان دوای دەستگیرکردنی سەددام، بە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی ناوچەکەیان راگەیاند، بۆ بینینی سەددام بە دەستگیرکراوی، دەتوانن سەردانی بکەن، لەو ماوەیەدا، هەریەک لە عادل عەبدولمەهدی، هۆشیار زێباری، ئەحمەد چەلەبی و مۆفەق روبەیعی سەردانیان کرد، كه دواتر روبهیعی سهرپهرشتی لهسێدارهدانهكهی كرد.
بە بڕوای ئەیاد عەلاوی، شێوازی لەسێدارەدانی سەددام لە بەیانی یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا "هەڵە" بووە، چونکە ئەو شتەی بۆ سەددام بەدیهێنا کە هەوڵی بۆ دەدا.
عەلاوی به رۆژنامهكهی گوتووه، كه پێشنیازی بۆ ئەمەریکییەکان کرد سەددام پێش لەسێدارەدانی چیرۆکی دوورودرێژی خۆی بۆیان بگێڕێتەوە، چیرۆکی ئەوکاتەی سەددام بڕیار بەدەست بووە. دهشڵێت: "دەمویست عێراقییەکان خۆیان لە دەمی کەسی یەکەمەوە بزانن کە چی روویداوە، بۆچی دژی ئێران جەنگا؟ بارودۆخی شەڕ چۆن بووە؟ و بۆچی کوێتی داگیر کرد و چۆن ئەو بڕیارەی دا؟ بۆچی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی عێراقی ناڕازی و بەشێك لە ئەندامانی حزبی بەعسی لەسێدارەدا؟ بۆچی شەڕی ترسناکی لە دژی کورد دەست پێ کرد؟ بۆچی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات هەوڵی تیرۆرکردنی نەیارانی دەدا و کە منیش یەکێک بووم لەوان؟"
عەلاوی دووپاتیکردەوە، کە دەیویست سەددام خۆی چیرۆکی ماوەی حوکمڕانییەکەی لە عێراق بگێڕێتەوە، بۆئەوەی راستییەکان ئاشکراببن و بزانرێت کێ بەرپرسیار بووە، تا ئەوانەی سەددامیان بەدڵ بوو، بیرێك لە کردەوەکانی بکەنەوە.
وەک لە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ـدا هاتووە، ئەیاد عەلاوی لەو هەڤپهیڤینەدا رەخنەی لە یاسای "ریشهكێشكردنی بەعس" گرت و گوتی: ئەو یاسایە بووەتە ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان (تەصفیە حساب) و پەراوێزخستنی خەڵکی.
ئەیاد عهلاوی روونیشیکردەوە، گوێیان لە ئامۆژگارییەکانیان نەگرت، ئەم پرسانەش وای لە بەشێك لە خەڵکی کرد هەست و سۆزیان بەرانبەر بە سەددام بجووڵێت، لەمبارەیەوە گوتیشی: "ناتوانین نکۆڵی لەمە بکەین."