لیبیا.. لە 24 وڵاتەوە کۆمەک و هاوکاری گەیشتووه‌ته‌ لێقەوماوانی کارەساتی لافاوه‌كه

K24 – هەولێر:

حکومەتی لیبیا، بڵاویکردەوە، لە 24 وڵاتەوە، زیاتر لە 70 فڕۆکە و هەشت کەشتیی کۆمەک و هاوکاریان گەیاندووەتە لێقەوماوانی کارەساتی لافاو، کە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە روویدا.

تیمی دەستوەردانی خێرا و دۆخی لەناکاوی حکومەتى ليبيا، له‌ رێگه‌ی تۆڕه‌ کۆمەڵایەتییه‌كانه‌وه‌، راگەیه‌ندراوێکی سەبارەت بەو کۆمەک و هاوکاریيە مرۆییە نێودەوڵەتیانە بڵاوکردەوە، تێیدا باس لەوە کراوە کە لە 24 وڵاتەوە زیاتر لە 70 فڕۆکە و هەشت کەشتیی کۆمەک و هاوکاریان گەیاندووەتە لێقەوماوانی کارەساتی لافاو.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لە هاوکاریيە نێودەوڵەتییەکان کراوە و ئەوە خراوەتەڕوو، کە هۆڵەندا بەبڕی دوو ملیۆن یۆرۆ خۆراک، دەرمان، خێوەت و پێداویستی پزیشکی رەوانەی لێقەوماوانی کارەساتەکەی کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، کە ئوسترالیا پلانی هەیە بەبڕی یەک ملیۆن دۆلار هاوکاری رەوانە بکات و کۆریای باشووریش دوو ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان.

رۆژی 10ـی ئەیلوول، گەردەلوولی دانییاڵ کە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاسته‌وه‌ لە لیبیای دا و، کارەساتی لافاوی لە شارەکانی به‌نغازی، بەیدا مەرج، سوسی و ده‌رنە دروستکرد.

گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تارق جاسارێڤیچ، لە 19ی ئەیلوولدا بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو کارەساته‌وه‌، سێ هەزار و 988 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت بۆ نۆ هەزار کەسیش هێشتا بێسەروشوێنن.