مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆبوونەوەدایە سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی پێنجەم

لۆگۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
لۆگۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

K24 - سلێمانی:

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە دەباشان لە کۆبونەوەدایە بۆ ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حزبە کە لە رۆژی چوارشەممە دەبەسترێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەمە دوایین کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسی یەکێتییە کە تایبەت بێت بە ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حزبە.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لیژینەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرە پێكدێت لە سەرۆكی دەزگای ھەڵبژاردنی یەكێتی و مەكتەبی رێكخستن و بۆردی ناوەندی كاروباری یاسایی و لێپرسراوی مەڵبەندی دیراسات.

 لە کۆبونەوەی رۆژی یەکشەممە (20ـی ئابی 2023)، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکووک بڕیاردرا رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023) کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە (21ـی کانوونی یەکەمی 2019) کۆنگرەی چوارەمی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا و بەشێک لە پەیکەری رێکخستنی حزبەکەی گۆڕی و بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی لەناو حزبەکە داهێنا، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە، رووداوەکانی هەشتی تەمموزی 2021ـی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بڕیارێک لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە دوورخرانەوە، دواتر بە بڕیارێکی دادگا ئەو مافە بۆ لاهور شێخ جەنگی گەڕاوەتەوە کە دەسەڵاتەکانی خۆی پەیڕەو بکات، بەڵام لەناو حزبەکەی رێگریان لێ دەکرێت.