یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر "بیدعەیە" یان کارێکی پەسەندە؟
K24 - هەولێر:
دکتۆر عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان سەبارەت بە یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەممەد (د.خ) روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: کۆبوونەوەی خەڵک و ئاهەنگگێڕان و یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر، وەک چالاکییەک تەماشا دەکرێت نەک نوێژ، نەک جەژنی ئایینی و حەج و تەواف.
قەرەداغی گوتیشی: یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر، تەنیا چالاکییەکی گشتییە و وەک زانایانی زانستی ئوسووڵ دەڵێن - ئەحکامە تەکلیفییەکان یاخود زۆرینەیان، بەسەریدا جێبەجێ دەبێت.
رای پەسەند لای دکتۆر عەلی قەرەداغی ئەوەیە: ئاهەنگگێڕان و یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی سەروەر (د.خ) ئامرازێکە لە ئامرازەکانی بانگەواز بۆ لای خوا و ناساندنی پێغەمبەرەکەی (د.خ) و بەرنامە و خوو و رەوشتەکانی. بەم پێیە ئیتر شەرعی و رێگەپێدراوە، بگرە مرۆڤ پاداشت لەسەر ئەنجامدانی وەردەگرێت، بەم مەرجانەی خوارەوە:
1- مەبەست لە ئاهەنگگێڕانەکە بانگەواز بۆ لای خوا و خۆشویستنی خۆی و پێغەمبەرەکەی (درودی خوای لەسەر بێت) و زیندووکردنەوەی سوننەتەکانی و شوێنکەوتنی شەریعەتەکەی و پابەند بوون بە بەرنامەکەیەوە بێت.
2- ئاهەنگەکە هیچ شتێکی حەرامکراوی لێ نەکەوێتەوە، وەک سەماکردن و تێکەڵبوونی حەرام و هەندێک کردار و گوتاری حەرامکراوی دیکە.
3- زیادەڕەوی و ئیسراف و خۆدەرخستنی ناپێویستی لێ نەکەوێتەوە.
4- ئەگەر خواردنی تێدا بوو، پێویستە هەژارانیشی بۆ بانگهێشت بکرێت.
ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان راشیگەیاند، دوا قسە ئەوەیە کە بابەتەکە خۆی را جیایی لەسەرە، هەر لایەنە و مافی پەسەندکردن و زاڵکردنی ئەو رایەی هەیە کە بەباشی دەزانێت، بەبێ خواردنی مافی لایەنەکانی دی و پیرۆزکردنی رایەکەی خۆی.
شایەنی باسکردنە، یادکردنەوەی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لەلایەن زانایانی ئایینی و بەشێک لە موسڵمانان، پرسێکی جێی مشتومڕە و، هەندێک بە کارێکی "بیدعە"ی دەزانن و بەشێکیش لە زانایان پێیان وایە، یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام کارێکی پەسەندە.
رۆژی 27ی ئەم مانگە کە لە رۆژژمێری کۆچیدا دەکاتە 12ی رەبیعەلئەووەل یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ) و لە چەندین وڵات و ناوچە جیاوازەکانی جیهان ئەم یادە دەکرێتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش بە تایبەتی لە شاری هەولێر، ئامادەکاری بۆ ئەم یادە کراوە و هەموو ساڵێک ئەم رۆژە بەرز دەنرخێنرێت و زۆربەی خەڵکی شار بە گەرمی پێشوازی لەم یادە دەکەن.