لە شارباژێڕ حەوت کەسی خانەوادەیەک بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون

سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی
سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی

K24 – سلێمانی:

لە سنووری قەزای شارباژێر بەهۆی خواردنی قارچکەوە، حەوت کەس لە خانەوادەیەک ژەهراویبوون و منداڵێکیان گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەشیان تەندروستییان ناجێگیرە.

سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خانەوادەیەک کە لە حەوت کەس پێکهاتبوون، "ئەمڕۆ سەردانی نەخۆشخانەی عەربەتیان کردووە کە باری تەندروستییان تێکچووە، دوای ئەوەی داوایان لێکراوە سەردانی نەخۆشخانەی شار بکەن، لەسەر بەرپرسیاریەتی خۆیان گەڕاونەتە ماڵەوە".

بەگوێرەی گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، جارێکی دیکە تەندروستی ئەندامانی ئەو خانەوادەیە تێکدەچێت و دەگەیەندرێنە نەخۆشخانە، بەڵام منداڵێکی کە تەمەنی لەنێوان ساڵێک بۆ دوو ساڵدایە، گیانی لەدەستدەدات و سێ منداڵی دیکەش لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی چارەسەری پزیشکی وەردەگرن بەڵام باری تەندروستی دووانیان ناجێگیرە.

سامان شێخ لەتیف ئاماژەی بەوەشکرد، تەندروستی سێ لە ئەندامی دیکەی ئەو خانەوادەیە جێگیرە و ئێستا لە نەخۆشخانەی شار، چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت و دوای چەند کاتژمێرێک، دوای دڵنیابوونەوە لە تەندروستییان رەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە.

لەبارەی ئەو منداڵەی گیانی لەدەستداوە، سامان شێخ لەتیف رایگەیاند، تەرمەکەی لە پزیشکی دادیی سلێمانییە و توێکاری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی لە هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی دڵنیاببنەوە.

هەروەها سەبارەت بە هۆکاری تێکچوونی باری تەندروستی ئەو خێزانە، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی باسی لەوەکرد، ئەندامانی ئەو خێزانە باسیان لەوەکردووە، دوای خواردنی قارچک، هەستیان بە تێکچوونی باری تەندروستییان کردووە.