ترهمپ: ئهگهر ببمهوه سهرۆكی ئهمهریكا رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم دەکهم
K24 – هەولێر:
دۆناڵد ترەمپ رایدهگهیهنێت، مەترسی رووخان لەسەر دۆلار هەیە و دەنگدان بە جۆ بایدن دەنگدانە بە هەڵئاوسان لەو وڵاتە. گوتیشی: "ئهگهر ببمهوه سهرۆكی ئهمهریكا، رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم دەکهم".
دۆناڵد ترەمپ کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمهریکا رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، دەنگدان بە جۆ بایدن دەنگدانە بە شکستهێنان و هەڵئاوسانی ئەمهریکا.
ئاماژەی بەوەشدا، دۆلاری ئەمهریکی روو لە رووخانه و وەک دراوی جیهانی نامێنێت، ئەمەش گەورەترین شکستی ئەمهریکا دەبێت.
جەختیشی کردەوە، ئەگەر ببێتەوە سەرۆکی ئەمهریکا، کۆتایی بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا دەهێنێت و رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم دەکات.
ئێوارەی رۆژی 24/8/2023، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020ی ئەمەریکا، خۆی رادەستی دەسەڵاتدارانی ناوخۆی گرتووخانەی ''فۆڵتن'' لە شاری ئەتڵانتای ویلایەتی جۆرجیا کرد.
ترەمپ، ئەمجارە جیاواز لە سێ جارەکەی دیکە، لەبری چوون بۆ دادگا خۆی رادەستی بەرپرسانی بەندیخانەی ''فۆلتن'' لە ولایەتی ئەتڵانتا کرد، پاش ئەوەی ماوەی کەمتر لە نیو کاتژمێر لە بەندیخانە مایەوە، وێنە و پەنجەمۆری لێوەرگیرا و بە کەفالەتی 200 هەزار دۆلاری ئازادکرا.
لەو دۆسیەدا ترەمپ و 18 کەسی دیکە بریتین لە پارێزەر، یاریدەدەر، کارمەندانی ئۆفیسی هەڵبژاردن، ئەندامانی پارتی کۆمارییەکان تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە یاسایان پێشلێکردوەو لەو رێگاوە هەوڵیانداوە بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 لە ئەمەریکا.