ئەڵمانیا لەبارەی پەنابەرانەوە پلانێکی نوێ رادەگەیەنێت

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

حکومەتی ئەڵمانیا بەنیازە لە ساڵی داهاتوودا ئەو پارەیەی بۆ ویلایەتەکان تەرخانکراوە بۆ وەرگرتنی پەنابەران و یەکخستنی پەنابەران بۆ زیاتر لە نیوە کەمبکاتەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی حکومی، ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەڵمانیا پلانی هەیە هاوکارییەکانی بۆ ویلایەتەکان بۆ نیوە کەمبکاتەوە بۆ دابینکردنی تێچووی پەنابەران و یەکگرتنیان لە ساڵی داهاتوودا، ئەمەش لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانی کەمکردنەوەی بودجەیە بەهۆی هەڵاوسانەوە".

بەگوێرەی ئاژانسەکە، "بەرلین هەموو ویلایەتەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە حکومەت پلانی هەیە لە ساڵی 2024دا، بڕی 1.7 ملیار یۆرۆ بۆ پەنابەران تەرخان بکات، کە لە ساڵی 2023، 3.75 ملیار یۆرۆ بوو، بەمەش زیاتر لە نیوەی تێچووەکەی کەمدەکاتەوە.

رۆبێرت هابێک وەزیری ئابووری ئەڵمانیا پێشتر رایگەیاندبوو، زۆرێک لە شارەوانییەکانی ئەڵمانیا چیتر ناتوانن شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو کۆچبەرانە دابین بکەن کە دەگەنە ئەو وڵاتە.

​ فرانک واڵتەر شتاینمایەر سەرۆکی ئەڵمانیا دەڵێت: وڵاتەکەی گەیشتووەتە ئەوپەڕی بەرگەگرتنی خۆی لە داڵدەدانی پەنابەران. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیا رووبەڕووی هاتنی ژمارەیەکی پێوانەیی کۆچبەران بووەتەوە.

شتاینمایەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بارگرانییەکی گەورەیان لەسەرە، "هەر بۆیەش کاتێک گوێم لە هاوارێکی بەرز دەبێت بۆ یارمەتی لە ئیتاڵیا، هەروەها لە شارەکانی ئەڵمانیاشەوە، بە جددی وەریدەگرم". جێگای سەرنجە کە ئەڵمانیا ئێستا لە ڕێگەی میکانیزمی هاودەنگی خۆبەخشانە میوانداریکردنی کۆچبەرانی زیاتری ئیتاڵیای راگرتووە، چونکە ئیتاڵیا رەتیدەکاتەوە پەنابەران وەربگرێتەوە بەپێی رێکاری دبلن.

ژمارەی پەنابەرانی تۆمارکراو لە ئەڵمانیا تا کۆتایی ساڵی رابردوو، سێ ملیۆن پەنابەری تێپەڕاندووە. یەک لەسەر سێی ئەوانەش خەڵکی ئۆکراینین و لە دوای ئەویش سووریین. زۆربەی ئەو داواکارییانەی کە لە ماوەی ساڵی 2022دا پێشکەشکرابوون بۆ پەنابەری وەرگیراون، لە بەرامبەردا 255 هەزار کەس ناچاربوون ئەڵمانیا بەجێبهێڵن دوای ئەوەی داواکاری مافی پەنابەرییان رەتکرایەوە.