یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی: با پەیامی میانڕەویی و به‌خشنده‌یی ئیسلام و پێغه‌مبه‌ر پیشانی جیهان بده‌ین
K24 - هەولێر
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەبۆنەی مانگی مەولود و لەدایک بوونی پێغەمبەر محەممەد، درودی خوای له‌سه‌ر بێت، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستاندا هاتووە، بەبۆنەی هاتنه‌وه‌ی مانگی مه‌ولوود و لەدایکبوونی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م موسڵمانان به‌گشتی و كوردستانیان به تایبه‌تی و زانايان ده‌كه‌ین. ئاماژەی بەوەشکرد، وەرچەرخانێکی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی هێنایە کایەوە.
ئەم یادە تایبەتمەندی خۆی هەیە لای گه‌لی كوردی موسڵمان، بۆیە ساڵانه له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی ئه‌م مانگه خه‌ڵك به‌جۆش و خرۆشه‌وه، به‌مەراسیم و ئاهه‌نگ و خوێندنه‌وه‌ی مه‌ولود و سه‌ڵاوات و ئەنجامدانی خێر‌و بەخشینەوەی شیرینی پێشوازی ئەم یادە دەکەن، ئەمەش نیشانەی خۆشەویستی و وەفاداری و پابەندی و پێگەی ئەو زاتە پیشان دەدات لەناو میللەتی کورددا.
یەکێتی زانایان داوادەکات وه‌ك ئه‌ركێكی ئیسلامی و ئینسانی هەوڵی جێبه‌جێ كردنی فه‌رمایشته‌كانی پێغه‌مبه‌ر بدرێت، هەروەها لێبورده‌یی و پەیامی میانڕەوی و به‌خشنده‌یی ئیسلام و پێغه‌مبه‌ر پیشانی مرۆڤایەتی و جیهان بده‌ین، لەهەمان کات بنەمای چاکسازی و دیالۆک و دادپەروەری و ئاشتی پێکەوەژیان و گیانی برایەتی و تەبایی زیاتر پەرە پێ بدەین.