عێراق لیستێکی ناوی تۆمەتبارانی داوەتە میسر بۆ رادەستکردنەوەیان

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق، دادوەر حەیدەر حەنون، لیستی ناوی ژمارەیەک لە داواکراوانی دەسەڵاتی دادوەری عێراقی بە تۆمەتی پەیوەست بە دۆسیەی گەندەڵی دارایی رادەست کرد کە بوونی ئەوان لەسەر خاکی میسر سەلمێندراوە.

دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "دادوەر حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لەگەڵ وەزیری دادی میسر گفتوگۆی کردووە، کەسەر پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا، لەوانەش لەسەر بڕیارە دادوەرییەکانی پەیوەست بە وەرگرتنەوەی تۆمەتباران".

ئەوەش هاتووە، دەستەی دەستپاکی لیستی ناوی ژمارەیەک لە داواکراوانی بە تۆمەتی دۆسیەی گەندەڵی دارایی رادەستی میسر کردووە، کە بوونی ئەو تۆمەتبارانە لەسەر خاکی میسر سەلمێندراوە.

ئاماژەی بەوەکردووە، وەزیری دادی میسر بەڵێنی داوە، کە بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە بکات و گرنگی پێدەدات.