لاهوور شێخ جه‌نگی هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی پێنجه‌م كۆنگره‌ی یه‌كێتی راگه‌یاند

لاهوور جه‌نگی
لاهوور جه‌نگی

K24 - هەولێر:

سه‌باره‌ت به‌ به‌ستنی پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی، لاهوور شێخ جه‌نگی له‌ رێگه‌ی  په‌یامێكی ڤیدیۆییه‌وه‌ هه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاند.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: دەمەوێت بۆ مێژوو هەڵوێستی خۆم لە بارەی بەستنی پێنجەم کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بخەمەڕوو .

لاهور شێخ جه‌نگی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ئاشکرایە سەرانی ئێستای یەکێتی بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی بەزۆر سەپێندراوی نایاسایی و ناپەیڕەوی و بە پێشێلکردنی هەموو پرەنسیپ و ڕێکارە حیزبییەکان، یەکێتیی بەرەو لێکترازانێکی گەورە و هەژانێکی ناوخۆیی بەرن.

گوتیشی: "کۆنگرەیەک کە بێباکانە گوێ بە سەرکردە و خەباتی چەندین ساڵەی تێکۆشەرە ماندووەکانی نەدات و ئەزموون و پەرۆشییان بۆ داهاتووی حیزبەکە پەراوێز بخات، کۆنگرەیەک لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زۆرینەی ئەندام و کادیرەکانیدا نەبێت و گوێ بە نیگەرانییەکانیان نەدات، کۆنگرەیەک کە کەسانێک بەڕێگەی ناشەرعی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و بیانەوێت مەرامەکانی خۆیان بەزۆر بسەپێنن و بە ویستی خۆیان و تاکڕەوانە ژمارەیەک ئەندامی دڵخوازی خۆیان لە لیستێکی چەند سەد کەسیدا پەلکێشی هۆڵی کۆنگرە بکەن بۆ چەپڵە لێدان، کۆنگرەیەک کە پێشوەختە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ نەکرابێت و هەناسەی ئازادی و دیموکراسی لەناو حیزبەکەدا بخنکێنێت و شەنوکەوی نەکردبێت بۆ ئەو شکستانەی کە بە کاریگەریی سیاسەتی هەڵە لە ماوەیەکی کەمدا ڕووبەڕووی بۆتەوە و دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازیشی لەبەردەمدا بێت، ئەنجامەکەشی ڕوونە، کە چ ماڵوێرانییەک بەسەر ئەم ‌‌حیزبەدا دێنێت".

لاهوور شێخ جه‌نگی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێمە چاوەڕوانبووین لە دوای کەتن و کودەتاکەی 8ی تەمووزەوە، کودەتاچییەکان بەخۆیاندا بچنەوە و هەڵە گەورەکەیان ڕاستبکەنەوە".

روونیشیكرده‌وه‌، "لەسەر بیروڕای جیاواز دەستیان چووە خوێنی چەند هەڤاڵێکی خۆیان و کەوتنە گرتن و ئازار و ئەشکەنجەدان و دەرکردن و نانبڕینی زۆرێک لە کادیر و ئەندامەکانی یەکێتی، بەمەش ناو و ناوبانگ و مێژووی یەکێتیشیان وەک حیزبێکی سۆشیال دیموکرات خستە ژێر پرسیارەوە".

زیاتر گوتیشی: "خۆشبەختانە ئێستا ڕاستییەکان ئاشکرابوون و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی بۆیان دەرکەوت کە ئامانج و مەرامەکانی ئێوە چی بوو".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی لاهوور شێخ جه‌نگی:

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان

هەڤاڵان و ئەندام و کادر و لایەنگرانی دڵسۆزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان و زیندانییانی سیاسی

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

دەمەوێت بۆ مێژوو هەڵوێستی خۆم لە بارەی بەستنی پێنجەم کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بخەمە ڕوو.

ئاشکرایە سەرانی ئێستای یەکێتی بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی بەزۆر سەپێندراوی نایاسایی و ناپەیڕەوی و بە پێشلکردنی هەموو پرەنسیپ و ڕێکارە حیزبییەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرەو لێکترازانێکی گەورە و هەژانێکی ناوخۆیی بەرن کە هەرگیزاو هەرگیز لە مێژووی یەکێتیدا کۆنگرەیەکی لەم جۆرە ئەنجام نەدراوە، کە ‌‌حیزبەکە بەرەو لەناوچوون و وێرانبوونی زیاتر بەرێت.

کۆنگرەیەک کە بێباکانە گوێ بە سەرکردە و خەباتی چەندین ساڵەی تێکۆشەرە ماندووەکانی نەدات و ئەزموون و پەرۆشییان بۆ داهاتووی حیزبەکە پەراوێز بخات، کۆنگرەیەک لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زۆرینەی ئەندام و کادیرەکانیدا نەبێت و گوێ بە نیگەرانییەکانیان نەدات، کۆنگرەیەک کە کەسانێک بەڕێگەی ناشەرعی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و بیانەوێت مەرامەکانی خۆیان بەزۆر بسەپێنن و بە ویستی خۆیان و تاکڕەوانە ژمارەیەک ئەندامی دڵخوازی خۆیان لە لیستێکی چەند سەد کەسیدا پەلکێشی هۆڵی کۆنگرە بکەن بۆ چەپڵە لێدان، کۆنگرەیەک کە پێشوەختە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ نەکرابێت و هەناسەی ئازادی و دیموکراسی لەناو حیزبەکەدا بخنکێنێت و شەنوکەوی نەکردبێت بۆ ئەو شکستانەی کە بە کاریگەریی سیاسەتی هەڵە لە ماوەیەکی کەمدا ڕووبەڕووی بۆتەوە و دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازیشی لەبەردەمدا بێت، ئەنجامەکەشی ڕوونە، کە چ ماڵوێرانییەک بەسەر ئەم ‌‌حیزبەدا دێنێت. تەنگەتاوبوون و ئەو پەلە پەلەش لەم کات و ساتەدا ئامانجەکەی تەنیا و تەنیا بۆ ئەوە بێت کە بەخەیاڵی خۆیان مافی یەکێتیبوون لە من و هەڤاڵەکانم و هەزاران هەڤاڵ و تێکۆشەر و ئەندامی یەکێتی وەربگرنەوە، بێ ئەوەی بیر لە لێکەوتە و زیان و مەترسییەکانی بکەنەوە.

هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی

ئێمە چاوەڕوانبووین لە دوای کەتن و کودەتاکەی ٨ی تەمووزەوە، کودەتاچییەکان بەخۆیاندا بچنەوە و هەڵە گەورەکەیان ڕاستبکەنەوە و چیتر ئەم ‌حیزبە تێکۆشەرە، پارچە پارچە نەکەن کە بەخوێنی زیاتر لە ٢٠ هەزار شەهید و خەبات و تێکۆشانی دەیان هەزار پێشمەرگەی قارەمان و تێکۆشەران هاتۆتەدی، بەڵام بەداخەوە وا دیارە دەرسیان لە هەڵەکانی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و بڕیاریانداوە کە بەردەوام بن لەو هەڵانەیان.

هەمووتان ئەو ڕاستییە دەزانن کە لە دوای ئەنجامدانی کەتنەکەیان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا کە جگە لەو تۆمەتە دروستکراو و بێبنەمایانەی کە بۆ ڕەوایەتیدان بە کودەتاکەیان ئاراستەی ئێمەیان کرد و سەرباری ئەوەی کە دەیان کاری نایاسایی و ناپەیڕەوی و ناحیزبییان بەرامبەر بە ئێمە و هەزاران کادر و تێکۆشەر و کەسوکاری شەهیدان ئەنجامدا، تەنانەت لەسەر بیروڕای جیاواز دەستیان چووە خوێنی چەند هەڤاڵێکی خۆیان و کەوتنە گرتن و ئازار و ئەشکەنجەدان و دەرکردن و نانبڕینی زۆرێک لە کادیر و ئەندامەکانی یەکێتی، کە بەمەش ناو و ناوبانگ و مێژووی یەکێتیشیان وەک حیزبێکی سۆشیال دیموکرات خستە ژێر پرسیارەوە، نەشیانتوانی ‌حیزبەکە لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی زۆرینەی یەکێتییەکان بەڕێوە بەرن، نەیانتوانی لە ئاست کێشە و قەیرانەکاندا ڕۆڵی مێژوویی یەکێتی وەک هێزێکی گەورە و یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەناو حکومەتدا لە بەرژەوەندیی خەڵک پیشان بدەن، لە جیاتی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕاستەقینە، خۆیان تەسلیمی ئەجێندای ئیقلیمی کرد و چەندین کاری ناپەسەندیان ئەنجامدا و لە ناوخۆشدا کەس نازانێ کێ دۆستە و کێ نەیار.

خۆشبەختانە ئێستا ڕاستییەکان ئاشکرابوون و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی بۆیان دەرکەوت کە ئامانج و مەرامەکانی ئێوە چی بوو، دەرکەوت کە بە چەواشەکاری و دروستکردنی هەندێک سیناریۆی داتاشراو و تۆمەتی بێبنەما و بە زەبری هێز و ترس و تۆقاندن و پەنابردنە بەر ڕێگای ناشەرعی هەوڵتاندا دەستبگرن بەسەر یەکێتیدا، هەموو هەوڵێكتان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و برسیکردنی کادیر و جەماوەر بوو، هەوڵی ئێوە بۆ خۆ بەهێزكردن و لاوازكردنی هەڤاڵان و تێكۆشەران و خەمخۆرانی یەكێتی و خودی یەكێتی بوو. دەرکەوت کە كێ ویستی یەكێتییەكەی کۆمەڵانی خەڵک دەستەمۆ بكات و دەنگی ئازادی تێدا کپ بکات بە كۆمەڵێك خەڵكی بەرژەوەندیخواز و و دوورخستنەوەی دەنگە ئازا و دلێرەكان.

لە دوای ٨ی تەمووزە یەک دەستکەوتمان پێبڵن کە بۆ یەکێتی و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان تۆمارتان کردبێت، ڕۆژ بەڕۆژ شکستتان کردە گەردنی حیزبەکە، پاشەکشەی یەکێتی لە ئەنجامی دەنگەکانی و خراپیی دۆخی هەرێم و دۆخی بازاڕ و سەرانەسەندن لە بازرگانەکان و دەستگرتن بەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و بێ ڕۆڵکردنی دادگاکان و بەسەربازگەکردن و داگیرکردنی زەوییە گرانبەهاکان و هەڕاجکردنیان و دەیان چەوتی ترتان دەریخست کە خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان و یەکێتییەکان چەند لێتان نیگەران و تووڕەن، ئێستاش بەم کۆنگرەیە دەتانەوێت سەرکردایەتییەکی دەستەمۆ و گوێڕایەڵ دابمەزرێنن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەتوانن ڕەخنە لە شکست و هەڵەکانتان بگرن و لێپرسینەوەتان لەگەڵ بکەن و یەکێتی لە حیزبێکی دیموکراسیخوازەوە بکەن بە قەولی خۆیان بە حیزبێکی مەرکەزی و تەنیا قسەی یەک کەس جێبەجێ بکرێت، ئەمە لەناو یەکێتیدا نە جێگەی بۆتەوە و نە قبوڵکراویش بووە، دڵنیابن ئەمە تاسەر نابێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەقورسی باجی ئەو هەڵانەتان دەدەن كە بەرامبەر بە شکاندنی کەرامەتی سیاسی كادیر و سەركردە و خوێنی شەهیدانی ئەم حزبە دەیکەن.

برادەرانی ئازیز، بە بیرتان دەهێنمەوە کە ئەگەر مێژووی یەکێتیتان خوێندبێتەوە دەزانن کە بەم کۆنگرەیە حیزبەکە بە تەواوی دادەبڕن لە مێژووەکەی خۆی و بەها گرنگەكانی دیموكراسی و ئازادی و بنەما نەگۆڕەكانی ژیانی حیزبایەتی كە یەكێتی لەسەر دامەزرابوو، ئەم كۆنگرەیە، دابڕاندنی یەکێتییەکانە لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی مام جەلال، کە کاریگەریی بەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هەبوو، ئەم یەکێتییە حیزبێكی دیكە دەبێت كە لەسەر بەرئەنجامی کودەتا و سەپاندنی ئیرادەی گرووپێكی دیاریكراو بنیات دەنرێت.

هەڤاڵانم

لە سەرەتای کەتنەکەی ٨ی تەمووزەوە تا ئەمڕۆ، هەمووتان پرسیاری ئەوەتان لادروست بووە کە لاهور بۆ هیچ هەڵوێست و پەرچەکرداری نییە لە ئاست ئەو هەموو کارە قێزەونە، چونکە ئێمە بەڵێنمان بەخۆمان و خوێنی شەهیدان و ڕۆحی مام دابوو کە یەکێتی لەسەر دەستی ئێمە تووشی لێکترازان نەبێت، دانبەخۆداگرتن و بێدەنگیمان بۆ ئەوەبوو کە لەسەر پۆست و دەسەڵات خوێن لە پەنجەی هیچ کەسێک نەیەت، تەنانەت بەشدارینەکردنیشمان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە پێناو کورد و ڕەچاوکردنی دۆخی یەکێتی و دابەشنەبوونی دەنگەکان بوو لە شاری کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، دەمانویست ڕۆژگار ڕاستییەکان بۆ هەموولایەک بسەلمێنێت و ڕووی ڕاستەقینەی کودەتاچییەکانیش دەرکەوێت، ویستمان دەرفەتێک بدەینە کوڕەکانی مام جەلال، هەوڵماندا کە بە دڵێکی گەورەوە لێخۆشبوونمان هەبێت بەرامبەر کودەتاچییەکان و پێکەوە بەگیانێکی هەڤاڵانە یەکێتی بەهێز بکەینەوە و پایەکانی بۆ درووست بکەینەوە و لەو پارچە پارچەبوونە ڕزگاری بکەین و بیخەینەوە سەر شاڕێی ژیانی حیزبایەتی خۆی، کە وەک چۆن لە ڕابردوودا لەگەڵ هەڤاڵەکانمان هەوڵماندا ڕۆڵ بگێڕینەوە بۆ ئەندام و کادیر و ئۆرگانەکان و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیشمان کردبوو بە ناوەندی بڕیاردان، بەڵام دەرکەوت کە ئەوان مەبەستیانە لە دوای بەستنی ئەم کۆنگرەیەوە یەکێتی توشی لێكترازانی گەورەی ناوخۆیی بکەن و حیزبەکە بە تەواوی بکەن بە موڵکی تاکە کەسێک.

هەڤاڵان ئەوەی دەگوزەرێت لە ئێستادا لە نێوخۆی یەكێتی و هەرێمیش كوڕەكانی مام جەلال لێی بەرپرسن كە بانگەشەی چاكسازییان دەکرد، بەڵام ئێستا خۆتان دەیبینن، بەویژدانەوە بڕیاربدەن کە چییان لە یەكێتی كردووە، ڕۆژ نییە یەكێتی تووشی شكستی سیاسی و دیبلۆماسی و دیموكراسی نەكرێت.

خۆشەویستانم

من و هەڤاڵەکانم کە پەرۆش و خەباتگێڕی ڕێگا ڕاستەکەی یەکێتین، بە داخێکی زۆرەوە لەم دۆخە نامۆیە دەڕوانین کە بەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سەپێنراوە، بە دیدی ئێمە یەکێتی بەر لەوەی حیزبێک بێت بکرێتە موڵکی کەسێک و خێزانێک حیزبی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵک و هەموو یەکێتییەکانە، یەکێتی بەرلەوەی حیزبیش بێت فیکر و ئامانجی باڵای تێکۆشانە بۆ ماف و ئازادییە گشتییەکانی گەلی کوردستان، بە داخەوەین کە لە ئێستادا لە هەموو ئەو بەهایانە داماڵراوە و گرووپێک ئامانجەکانیان بەلاڕێدا بردووە و لە حیزبێکی کاریگەرەوە کردوویانە بەدامەزراوەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کەمینەیەکی مشەخۆر، کردوویانە بە گیرفانێکی گەورەی بەرژەوەندی.

ئێمە لە پرۆسەی سیاسی دانابڕێین و بەردەوام دەبین تا بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکییەکانمان، هەڵگری شاڕێگاکەی یەکێتیی گەل و پاراستنی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەی دەبین.

دەمەوێت لێرەوە سوپاسی هەموو ئەو هەڤاڵانە بکەم کە ماوەی ئەم دوو ساڵە دانیان بەخۆیاندا گرت و پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییان پێ قبووڵنەکرا و دژی ئەو ناهەقییە وەستانەوە و تەسلیمی پۆست و ئیمتیازات نەبوون، سوپاسی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هەموو ئەو خەڵکە تێکۆشەرە و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمان و ئەندامانی ناو هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە هەمووکات ئامادەبوون خۆبەخشانە پشتیوانیمان بکەن.

جێی خۆیەتی سوپاسی کاک مەلا بەختیار و هەڤاڵانی هاوڕێی بکەم لە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، کە بە پەرۆشن بۆ یەکێتی و وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خۆیان، بێدەنگ نەبوون لە ئاست مەترسییەکان و دید و ڕوانین و چاوەڕوانیی خۆیان بۆ شکستەکانی یەکێتی لەسەر دەستی ئەم گرووپەی ئێستای یەکێتی و دوای بەستنی ئەم شانۆگەرییەی کۆنگرە خستەروو.

هەر بۆیە لێرە بەدواوە ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانین و درێژە بە کاری سیاسیی خۆمان دەدەین لەسەر بنەمای پرەنسیپە نەگۆڕەکانمان کە خۆی لە ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین و دادپەروەری دەبینێتەوە، ئێمە ئاواتمان بەوە نەدەخواست بگەینە ئەم ڕۆژە و یەكێتی بەم جۆرە ببینین، بەڵام ئۆباڵی کارکردنمان لە دەرەوەی یەکێتی دوای کۆنگرەی پێنجەم دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی کە دوو ساڵە لە جیاتی ڕێکخستنەوەی ناوماڵی یەکێتی و پێکەوە کارکردن، مەشغوڵبوون بە بێدەنگی و سێبەری ئێمەوە، ئۆباڵی ئەو لێکترازانەش هەڵناگرین و بەرپرسیارێتی مێژوویی شکستی ئەم یەکێتییە لە ئەستۆی ئەوانەیە کە یەکێتییان بەم ڕۆژە گەیاند.

مێژوو شاهیدە و دەیسەلمێنێت كێ ئەم دۆخەی خوڵقاند، دەشبێت شان بدەنە بەر دەرئەنجامەكانی هەر شكست و دۆڕان و ماڵوێرانییەك كە لە ئایندەدا لە نێو یەكێتی ڕووبدات.

دەبێت ئەوانەشی بەشداری پێکراون ئاگاداربن کە دەبنە بەشێک لە لاوازکردنی یەکێتی کە لەداهاتوودا چاوەڕوان دەکرێت و بەکاردەهێنرێن بۆ ئەو مەرامە و بەرپرسیارێتییەکی گەورە و مێژووییش دەکەوێتە سەر شانیان.

دڵنیاتان دەکەمەوە کە بە بەرگێکی نوێ و بە شێوازێکی سەردەمیانە یەکێتییەکی ڕاستەقینەی گەل دووبارە دێتەوە مەیدان، ئەو یەکێتییەی کە ئێستا ناو و ناونیشانەكەی بە زۆر و بە زەبری هێز زەوتكراوە، بەڵام لەڕاستیدا وەك فیكر و فەلسەفە هەر زیندووە و بەمزووانە چەكەرە دەكاتەوە و ئەو مەشخەڵەی لە سەرەتای شۆڕشی نوێوە هەڵگیرساوە کە شەوەزەنگی نا ئومێدییان ڕووناک کردەوە، دڵنیابن هەڤاڵەکانتان درێژە بە هەمان ڕێگا و ڕێباز دەدەن.

کوردستانیانی خۆشەویست، هەڤاڵانی دڵسۆز

دەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم وەک یەکەم هەنگاومان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارلەمانی کوردستان دەکەین و لیستێکی گەل پەسەند ڕادەگەیەنین کە خۆی دەبینێتەوە لە بەرەیەکی فراوانی ڕزگاریی نیشتمانیی بە بەشداریی سەرجەم دەنگە ئازا و دلێر و ناڕازییەکانی خەڵکی کوردستان لەناوە و دەرەوەی یەکێتی بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە ناهەموار و قەیرانە قووڵانەی کە بەرۆکی هاووڵاتییانی گرتووە، بەرەیەک کە دەنگ و ڕەنگی سەرجەم ئەوانە دەبێت، کە خواستی گۆڕانکاری و چاکسازیی ڕاستەقینەیان هەیە لە سەرجەم جومگەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، دەنگی هەموو ئەوانە دەبێت کە تینووی ژیانێكی باشتر و ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتین، ئەوانەی شەیدای سەروەریی یاسان بە نەفەسێكی نوێوە و بەدیدگای نوێوە خۆمان یەكدەخەین و یەكدەگرین و ئەزموونێكی نوێی دیموكراسی دەكەین.

ئێمە لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و گەڕانەوەی شکۆ بۆ تاکی کورد شان دەدەینە بەر ئەم ئەرکە قورسە و هەموو تواناکان لەو پێناوەدا دەخەینەگەڕ.

دەمەوێت لە کۆتایی ئەم پەیامەدا ئاماژە بە دۆخی ناهەمواری هەرێمی کوردستان و ئەو مەترسییانە بکەم کە ڕووبەڕووی هەرێمەکەمان بۆتەوە، بەداخێکی زۆرەوە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و مووچەخۆرانیش لەوپەڕی خراپیدایە و گەنجەکانمان بە تەواوی نا ئومێدبوون لەوەی کە ژیانێکی ئارام و شایستە و ئاسۆیەکی ڕوونیان هەبێت لەم هەرێمەدا.

کە بەش بەحاڵی خۆم پێم وایە جگە لە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی تر یەکێتی پشکی شێری بەردەکەوێت لەم دۆخە نەخوازراوەی لە ئارادایە لەسەر دەستی ئەو کەسانەی کە تاکڕەوانە لەناو حکومەت و لەناو حیزب بڕیار دەدەن و هیچ دنیابینییەکیان نییە بۆ سیاسەتکردن. بۆیە یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانمان ڕاستکردنەوەی ئەو بارە لارە دەبێت کە هێناویانەتە کایەوە، کارکردن دەبێت بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد و پێکەوە کارکردن دەبێت لەگەڵ سەرجەم کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تا هەرێمەکەمان لەم قەیرانانە ڕزگار بکەین و ژیانێکی شەرەفمەندانە و شایستە و خۆشگوزەران و یەکسان بۆ هاووڵاتییان دابین بکەین.

سیاسەتی چەوتی حیزبەکان و ئەم دەسەڵاتە وایکردووە کە خەڵکی کوردستان و گەنجەکانمان ڕۆحی نیشتمانپەروەرییان تێدا کاڵ بێتە بۆ خاک و نیشتمان، ئێمە ئەو مەشخەڵە دەبین کە ئەو ڕۆحیەتە زیندوو دەکەینەوە، هەر بۆیە داوا لە خەڵکی کوردستان و گەنجە خوێنگەرمەکانمان دەکەم لە زاخۆوە تا خانەقین، دەست لەناو دەست پشتیوانیی لەم پرۆژە فراوان و نیشتمانییە بکەن کە تا خۆیان و هەرێمەکەمان لەم هەموو قەیران و نەهامەتییە ڕزگار بکەین، لەسەر دەستی ئێمە خۆری هیوا بگەڕێنینەوە بۆ گەلەکەمان.

هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن.

لاهوور شێخ جەنگی

٢٦ی ٩ی ٢٠٢٣