دۆخی ژووری جلگۆڕینی ریال مه‌درید له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌

كارلۆ ئانچیلۆتی و فلۆرێنتینیۆ پێرێز
كارلۆ ئانچیلۆتی و فلۆرێنتینیۆ پێرێز

بەهۆی دۆڕانەکەیان لە دێربی مەدرید تووڕەیی و ناڕەزایی کۆنترۆڵی مەدرید دەکات و رۆژنامەکان و هاندەران بە تووڕەییەوە هێرش دەکەنە سەر ئانچێلۆتی و بە هۆکاری شکستەکەیان دەزانن و چاویان لەوەیە لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید لە یەکەمین تاقیکردنەوەی راستەقینەی لەم وەرزە نەیتوانی دەربازی ببێت و یاریی دێربی مەدریدی لە گەڕی شەشەمی لالیگا بە سێ گۆڵ بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید دۆڕاند، ئەمەش تووڕەیی و کاردانەوەی گەورەی هاندەرانی شاهانەی بەرامبەر راهێنەرە ئیتاڵیەکە بەدوای خۆیدا هێناوە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرای کردووە ئانچێلۆتی لە دێربی مەدرید نەیتوانی بە دروستی هەڵسوکەوت بکات و هەڵەی کردووە، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە دێربی بەرامبەر رۆخێ بلانکۆس بدۆڕێن.

سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە یەکەمین هەنگاوی هەڵەی ئانچێلۆتی لەم یارییە دەستپێکردنی یارییەکە بوو بەبێ یاریزانی ژمارە 9 (سه‌ره‌ڕم)، هەڵەی دووەمیشی گۆڕینی رێگەی یاریکردنی مێرەنگی بوو بە پشتبەستن بە دووانەی تۆنی کرووس و لۆکا مۆدریچ لە هێڵی ناوەڕاست و دانانی چوامینی لەسەر کورسی یەدەگ.

مارکا لە راپۆرتەکەیدا باس لەوەش دەکات هاندەرانی ریاڵ بەتەواوەتی لە ئانچێلۆتی تووڕەن و هەست بەبێزارئ دەکەن چونکە جگە لە دۆڕانەکە پێشەنگایەتی لالیگایان لە بەرژەوەندی بارسێلۆنای رکابەریان لەدەست داوە.

لە ئیسپانیا باس لەوە دەکرێت فلۆرێنتنۆ پێرێز تارادەیەک متمانەی بە ئانچێلۆتی نەماوە و بیر لەوە دەکاتەوە چابی ئالۆنسۆی راهێنەری لیڤەرکوزن بکاتە راهێنەری داهاتووی سپیپۆشەکانی مەدرید، دوای یارییەکەش ئانچێلۆتی بە پێرێزی راگەیاندووە شکستەکەیان بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید لە ئەستۆ دەگرێت و دانی بەهەڵەکەیدا ناوە، ئەمەش پێرێزی تووڕە کردووە لەگەڵ ئەوەشدا هانی ئانچێلۆتی داوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و دۆڕانەکە بەزووترین کات لەبیر بکات.

كارلۆ ئانچیلۆتی چی گوت؟

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له‌ لالیگا به‌رامبه‌ر لاس پاڵماس گوتی: بەڕاستی رەخنە گرتن لە راهێنەر بەتایبەت دوای دۆڕان لە یارییەکی گرنگی وەکو دێربی شتێکی ئاساییە، بەڵێ منیش دەڵێم پێویستە رەخنە لە خۆمان بگرین کە بۆچی شتێکی وەها روودەدات، پێویستە پێداچوونەوە بەخۆمان بکەین و هەڵەکان چاک بکەینەوە.

ئانچیلۆتی ده‌شڵێت: دەتوانم بڵێم پلانی ئێستا نموونەیی نییە و خاڵی لاوازمان هەیە، راستە فشار دروست دەکەین، بەڵام هەندێکجار لە هەندێک شوێن تووشی کێشە دەین، کێشەکان دیارن و چارەسەری دەکەین، بەڕاستی کرووس و مۆدریچ لەم پلانە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە کە ئەم دوو یاریزانە دەتوانن لەگەڵ هەر جۆرە پێکهاتەیەک بێت یاریی بکەن جا لە هەر یانەیەک بێت.

ئانچیلۆتی لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەشی ده‌ڵێت: هەمووان دەزانن کە من لێرە زۆر دڵخۆشم، بەڵام ئێستا ئەم بابەتە بە گرنگ نازانم و لە کاتی خۆی قسەی لەگەڵ دەکەین.

له‌باره‌ی ده‌نگۆی هاتنی چابی ئالۆنسۆ بۆ راهێنه‌رایه‌تی ریال مه‌درید، ئانچیلۆتی گوتی: من راهێنەرایەتی ئالۆنسۆم کردووە، ئەو ئێستا کارێکی باش لە لیڤەرکوزن دەکات و بەباشی لە تۆپی پێ دەگات لەبەر ئەوە پێموایە راهێنەرێکی زۆر باشە، هیوادارم رۆژێک لە رۆژان ئالۆنسۆ و رائول و ئاربیلوا ببنە راهێنەری ریاڵ مەدرید، من هەموویانم خۆش دەوێت.

ئانچیلۆتی ده‌شڵێت: ڤینیسیۆس و گولەر گەڕاونەتەوە، بەڵام تا تەواو دڵنیا نەبین یارییان پێناکەین.