شوان محەممەد: بە پلان هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک بێزار دەکرێن

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشان، رایدەگەیەنێت، هەوڵێکی نەخوازراو هەیە رێژەی کورد لە کەرکووک بکرێتە کەمینە، ئاماژەی بەوەشدا کورد دەبێت بە پلان رووبەڕووی داگیرکارییەکان ببێتەوە.

شوان محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، لەبارەی رایگەیاند، ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک ئەو کارانەی کە دەیکەن هەر تەواوکردنی پڕۆسەی تەعریب و تەواوکردنی پڕۆسەی گێچەڵکردن و بێزارکردنی کوردە لەو شارەدا، هەروەها تەواوکردنی ئەو سیاسەتەیە کە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستیان پێکردووە.

هاوکات راشیگەیاند، رۆژ بە رۆژ شتی نوێ دەهێننە پێشەوە و مەبەستیان بیزارکردنی دانیشتووانی کوردنشیننە، هەروەها لە هەموو سێکتەرەکان پلانیان هەیە بۆ بێزارکردنی هاووڵاتییانی کورد لەو شارەدا، بۆ ئەوەی وردە وردە کورد بێزار بێت و ئەو شارە بەجێبێڵێت.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی زەحمەتکێشان دەڵێت: لە شاری کەرکووک دەیانەوێت بە قۆناغ کار لەسەر کورد بکەن، لە قۆناغی یەکەمدا دەیانەوێت رێژەی کورد و عەرەب یەکسان بێت، لە قۆناغی دووەمدا دەیانەوێت کورد بکەنە کەمینە و دەشیانەوێت ئەو دروشمەی کورد بگۆڕن کە دەڵێن کەرکووک کوردستانییە و پلانێکی تۆکمەیان هەیە بۆ ئەو کارە.

شوان محەممەد، ئاماژەی بەوەشدا، سێ ساڵە رێگری لە دروستبوونی لیوای هاوبەش لە کەرکووک دەکرێت و هەروەها ئێمە لە کەرکووک لە ململانێ داین و لە ململانێیەکی قوڵیش داین، باسی لەوەشکرد، کێشەکانمان لە کەرکووک دەستوەردانی هەرێمییە کە پاڵپشتی لەو هەڵمەتە بە تەعریبکردنە دەکەن.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی زەحمەتکێشان، گوتی: پێویستە کورد لە کەرکووک یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێت بۆ ئەوە رووبەڕووی هەموو ئەو ئالنگاریانەی کە دێنە پێشیان، هەروەها خەڵکی کەرکووک ئامادە نییە شارەکەیان بەجێبهێڵن و بەڵکو کورد دەبێت بە پلان رووبەڕووی داگیرکارییەکان ببێتەوە.

لەبارەی پشکی کورد لە دامەزراندنی پۆلیسی کەرکووک، شوان محەممەد، رایگەیاند، پشکی عەرەبیان لەو دامەزراندنە زیادکردووە و هاووڵاتییانی ناوەکانی دیکەی عێراقیان هێناوە لەوێ دایەنمەزراندووە بۆ ئەوەی رێژەی کورد لەو سارە کەمبێتەوە، بەو کارەش هەمان پڕۆسەی تەعریبکردنیان دووبارە کردووەتەوە.

وا بڕیارە بەشێوەی گرێبەست (2550) پۆلیس بۆ کەرکووک دابمەزرێنرێت، رێژەی کورد لەو دامەزراندنە %20ـە، لە کاتێکدا کورد %50 زیاتری دانیشتوانی شارەکە پێکدەهێنن، کورد و تورکمانیش ناڕازین و دەڵێن، ئەم پشکی دامەزراندنە بە نایەکسانی دابەشکراو و زۆرینەی دامەزراندنەکە بە عەرەب دراوە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێگای کەرکووک، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی زەحمەتکێشان، باسی لەوەکرد، ئەو شەڕەی ئێستا بە کوردی دەفرۆشن لە کەرکووک شەڕی هەڵبژاردنە، دەیانەوێت کێشە دروستبکەن تا کاتی هەڵبژاردن، گوتیشی: ئەگەر تورکمان و عەرەب لە نزیک هەڵبژاردن پێیان وابێت زۆرینەی دەنگەکان ناهێنن و کورد زۆرینە دەهێنێت پڕۆسەکە تێکدەدەن، چونکە کاتێک لە ساڵی 2005 هەڵبژاردن ئەنجامدرا، دوای ئەوە کە بۆ دوو خولی دیکە هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجامدرا نەیانهێشت لە کەرکووک ئەنجامبدرێت، هەروەها ئەگەر ئێستاش پێیان وابێت کورد نۆ کورسی دەهێنێت ئەوا ئەو هە‌ڵبژاردنە تێکدەدەن.

پڕۆسەی رووخاندنی خانوو بە ناوی زێدەڕۆ زیاتر لە گەڕەکە کوردییەکان جێبەجێدەکرێت، لەدوای شانزەی ئۆكتۆبه‌ری 2017 چەندین گەڕەکی زێدەڕۆ لەلایەن عەرەبەکانەوە دروستکراون و چاوپۆشیان لێ کراوە.

رەسوڵ رەئووف، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بۆ كوردستان24 قسه‌ی كرد و رایگه‌یاند، هه‌نگاو زۆره‌ بۆ دروستكردنی خانوو له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان و چاوپۆشیكردن له‌و خانووه‌ زێده‌ڕۆیانه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كه‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌كرێت.

گوتیشی، رۆژانه‌ ئه‌و خانووانه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان دروست ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر رێگه‌شیان پێ بدرێت له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ ئاشكرا بڕێك پاره‌یان لێ وه‌رده‌گیرێت، بڕیاری ته‌عریب و هێنانی عه‌ره‌ب و بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌ كه‌ركووك هه‌یه‌، بۆیه‌ رووخانی خانووی گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان یه‌كێكه‌ له‌و درێژی ئه‌و بڕیار و هه‌نگاوانه‌.

فشارەکانی سەر کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە دوای شانزەی ئۆکتۆبەر چڕبوونەتەوە، گرتن و سووکایەتیپێکردن و داگیرکردنی زەویوزار و وەرگرتنی سەرانە و سەرکوتکردن، کار و بەرهەمی دەسەڵاتی دوای 16ـی ئۆکتۆبەرن.